مۆدریچ داوای مانەوەی ئەنچیلۆتی دەکات

18-05-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لوکا مۆدریچ کارلۆ ئەنچیلۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لوکا مۆدریچ، یاریزانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، داوادەکات کارلۆ ئەنچیلۆتی، وەک راهێنەری یانەکەیان بمێنێتەوە، گوتیشی "پێموایە ئەو شایەنی بەردەوامبوونە".
 
دوای ئەوەی یانەی ریال مەدرید لەسەر دەستی یانەی مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ دەرکرام دەنگۆی ئەوە هاتە ئاراوە کە ئەگەری هەیە ئەنچیلۆتی لە پۆستی راهێنەری ریال مەدرید دووربخرێتەوە. رۆژنامەڤانان لە دوای یارییەکە کە 4-0 لە بەرژەوەندی یانە ئینگلیزییەکە کۆتاییهات، پرسیاریان لە مۆدریچ، ئایا پێویستە کارلۆ ئەنچیلۆتی وەک راهێنەری ریال مەدرید بەردەوام بێت؟.
 
لوکا مۆدریچ، لەو بارەیەوە گوتی "بەڵێ، پێموایە ئەو شایەنی بەردەوامبوونە، هیچ گومانێکم لەوە نییە. لەوەتەی بۆ دووەمجار گەڕاوەتەوە، توانیویەتی هەموو نازناوەکان بەدەستبهێنێت، وەرزی رابردوو ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەرمان هەبوو". 
 
ئەستێرەی کرواتی زیاتر گوتی "جامی ئیسپانیامان بەدەستهێناوە و لە چامپیۆنزلیگ تا ئەم یارییە ئاستێکی باشمان پێشکێشکردووە، بۆیە گومانم نییە لەگەڵ تیپەکەمان دەمێنێتەوە، ئەو شایەنی ئەوەیە بمێنێتەوە بۆ هەموو ئەو کارانەی کە دەیکات و کردوویەتی".
 
لوکا لە کۆتایی قسەکانیدا، سەبارەت بە یارییەکەش قسەی کرد و گوتی "هەندێکجار لە وەرزشدا سەردەکەویت و هەندێکجاریش دەدۆڕێیت، ئەمڕۆ یارییەکی باشمان نەکرد و ئەوان شایەنی ئەوەبوون بیبەنەوە، دۆخەکە بەمشێوەیەیە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە