ڤیدیۆ؛ گواردیۆلا: نەدەکرا وەک ساڵی رابردوو ژەهر قووت بدەین

18-05-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by Oli SCARFF / AFP
Photo by Oli SCARFF / AFP
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، دڵخۆشیی خۆی بە بردنەوە لە ریال مەدرید و گەیشتن بە یاریی کۆتایی جامپیۆنزلیگ نیشاندا، گوتیشی "دوای 10 یان 15 خولەک هەستم بەو ئازارە کرد کە لە وەرزی رابردوودا هەستم پێکرد".
 
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامپیۆنزلیگدا، یانەی مانچێستەر سیتی لەسەر یاریگەی ئیتیحاد میوانداری یانەی ریال مەدریدی کرد و 4-0 لێیبردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی، کە لە یاریی چووندا لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ 1-1 یەکسان بووبوون.
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "رۆژانی رابردوودا هەستەکانم تێکەڵەیەک بوون لە ئارامی و دڵەڕاوکێ، کە ئەم جۆرە یارییانە بۆت دەهێنن، دوای 10 یان 15 خولەک هەستم بەو ئازارە کرد کە لە وەرزی رابردوودا هەستم پێکرد".
 
ئەو گوتیشی "ئەوەی ساڵی رابردوو روویدا ئەمڕۆ دووبارە بووەوە، کە ساڵی رابردووش ئاستێکی هاوشێوەمان پێشکێشکرد. ساڵی رابردوو زۆر قورس بوو بۆ ئێمە  یارییەکە بەو شێوەیە بدۆڕێنین، ئەوکات ناچاربووین ژەهر قووت بدەین. بەڵام تۆپی پێ و وەرزش هەمیشە دەرفەتێکی دیکەت پێدەبەخشن". 
 
گواردیۆلا باسی رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدریدی کرد و گوتی "کاتێک  دەرکەوت کە دەبێت لە قۆناخی پێشکۆتایی بەرامبەر ریال مەدرید یاری بکەین، بە خۆمم گوت بەڵێ دەمەوێت. خۆشبەختانە ئەمڕۆ سەرکەوتوو بووین لەوەی ئەو شتە بەدەستبهێنین کە دەمانویست".
 
سەبارەت بە یاریی کۆتایی بەرامبەر ئینتەرمیلان؟ راهێنەرە ئیسپانییەکەی یانەی مان سیتی، گوتی "یاریی کۆتایی بەرامبەر تیپێکی ئیتاڵی باشترین دیاری نییە، بەڵام کاتمان لەپێشە بۆ ئەوەی بەباشی خۆمان بۆ یارییەکە ئامادە بکەین". 
 
پێپ زیاتر گوتی "دەبێت سەرنجمان لەسەر یارییەکەمان بێت بەرامبەر چێڵسی، چونکە ئێمە پێویستە بە زووترین کات نازناوی خولەکە ببەینەوە و دواتر خۆمان بۆ یارییەکەمان بەرامبەر مانچێستەر یونایتد لە یاریی کۆتایی جامی یەکێتی ئینگلتەرا و دواتر ئینتەر ئامادە بکەین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە