رووداو - هەولێر
پێرلویجی کۆلینا، ناوبژیوانی پێشووی ئیتالیا و سەرۆکی دەستەی ناوبژیوانانی سەر بە فیفا، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، باسی کاریگەرییەکانی ڤار بەسەر تۆپی پێ و پرسی دەستپێکردنەوەی یارییەکانی تۆپی پێ بەبێ هاندەر دەکات، دەشڵێت "پەشیمانم کە ناوبژیوانیەتیم بۆ هیچ یارییەکی مارادۆنا نەکردووە".
کۆلینا باسی سەرەتای بوونی بە ناوبژیوان دەکات و دەڵێت "لە تەمەنی 31 ساڵی لە خولی پلە یەکەکانی ئیتالیا، دەستم بە پیشەی ناوبژیوانی کرد. تەمەنم زۆر بوو ئەگەر بە تەمەنی یاریزان بەراورد بکەی، بەڵام ئەو تەمەنە بۆ ناوبژیوان جیاوازە، لەوانەیە ئەوکات پیر دەرکەوت بم، بەڵام لە راستیدا گەنج بووم".
کۆلینا، کە 6 جار بە باشترین ناوبژیوانی جیهان دەستنیشانکراوە، باسی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەستێرەکانی تۆپی پێ دەکات، بەتایبەتیش دیێگۆ مارادۆنای ئەرجەنتینی و رۆناڵدۆی بەرازیلی و دەڵێت "پەیوەندییەکی جوانم لەگەڵ هەمووان هەبوو، بەتایبەتیش لەگەڵ ئەستێرە و کەسایەتییە گەورەکان، هەرگیز ناوبژیوانیم بۆ یارییەکی مارادۆنا نەکرد، پەشیمانم کە ئەوەم نەکرد، ئەو ساڵێک بەر لە هاتنی من خولی ئیتالیای جێهێشت. لە سەردەمی من رۆناڵدۆ باشترین بوو، بەهرەمەندیی ئەو باوەڕپێنەکراو بوو".
سەبارت بە ڤاریش، کۆلینا دەڵێت "ڤار و پشتیوانی تەکنەلۆجیا زۆر یارمەتی ناوبژیوانانی ئێستا دەدەن، وەک هەموو شتە نوێیەکان، ناوبژیوانان دەتوانن و پێویستە خۆیان باشتر بکەن، پێموایە کارێکی زۆر دروستە کە ئێستا ڤار لە یارییەکانی تۆپی پێدا بەکاردەهێنرێت".
لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی یارییەکانی تۆپی پێش بەبێ هاندەر، ناوبژیوانە بەناوبانگەکەی ئیتالیا، دەڵێت "بەڕێوەچوونی یارییەکانی تۆپی پێ بەبێ جەماوەر هەڵوێستێکی زۆر نامۆ و تایبەتە، تەنانەت دەنگەکانیش جیاوازن، بەڵام ئەمە بڕیارە دروستەکەیە، ئێستا بارودوخەکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زۆر زەحمەتە، ئەگەر لەنێوان دوو یاریدا سەرپشکم بکەن بۆ ئەوەی یەکێکیان بەڕێوە ببەم، یەکێکیان بەبێ هاندەر و ئەوەی دیکە بە هاندەرەوە، بێگومان دەڵێم ئەوەی بێ هاندەر زەحمەتترە بۆ ناوبژیوان".
کۆلینا، تەمەنی 60 ساڵە، لەدایکبووی شاری بۆلۆنیایە لە باکووری ئیتالیا، خێزندارە و دوو کچی هەیە، ئەو بەهۆی نەخۆشییەکەوە هەموو قژی لەدەستداوە، کە ئەوەش یارمەتیدەری بوو بۆ ئەوەی لەنێو یاریگەدا هەیبەت و سامێکی زۆرتری هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ