رووداو دیجیتاڵ
چیرۆ ئیمۆبێلی، هێرشبەری یانەی لازیۆ و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، تووشی شۆک بوو، دوای ئەوەی رووبەڕووی هێرشێکی چاوەڕواننەکراو بووەوە، و لەپێش چاوی ژنەکەی و منداڵەکەی لێیدرا.
رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئیمۆبێلی لەبەردەم هاوژینەکەی و کوڕە 4 ساڵانەکەی، لە دەرەوەی قوتابخانەی کوڕەکەی، رووبەڕووی هێرشێکی جەستەیی و زارەکی بووەتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکە لە زاری رۆژنامەڤان زاتچ لوفییەوە بڵاویکردووەتەوە "ئیمۆبێلی بەنیازە بەهۆی ئەم رووداوەوە رێکاری یاسایی بگرێتەبەر".
هێرشەکە بۆ سەر ئیمۆبێلی بەهۆی ئەو دەنگۆیانەوە بوو کە لە رۆژنامەکانی ئیتاڵیادا بڵاوبووەوە، سەبارەت بە بوونی رۆڵی هێرشبەرەکەی ئازۆری لە دەرکردنی ماورێزیۆ ساری هاونیشتیمانی لە راهێنەرایەتی یانەی لازیۆ.
لازیۆ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و پشتگیریی خۆی بۆ یاریزانەکە و خێزانەکەی پشتڕاستکردەوە لە بەرامبەر ئەو "هێرشە قبوڵنەکراوانەی" کراوەتە سەری.
لازیۆ جەختی لەوە کردەوە کە "هەر کردەوەیەکی توندوتیژی زارەکی یان جەستەیی دەبێت سەرکۆنە بکرێت و بەکۆمەڵ رووبەڕووی ببنەوە".
ئیمۆبێلی هاوشێوەی یانەکەی لازیۆ، پێیوایە رۆژنامەکانی ئیتاڵیا هۆکاری ئەو هێرشەن، بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانەی گوایە هێرشبەرە ئیتاڵییەکە رۆڵی هەبووە لە دوورخستنەوەی ساری.
ساری تەمەن 65 ساڵ، چوارشەممەی رابردوو دوای نزیکەی 3 ساڵ لەگەڵ تیپی پایتەخت یانەی لازیۆی بەجێهێشت، کە وەرزی رابردوو سەرکردایەتی یانەی لازیۆی کرد بۆ پلەی دووەمی خولی ناوخۆیی، ئەمەش باشترین دەستکەوتە لە خولی ئیتاڵیا لە دوای بردنەوەی نازناوەکە لە ساڵی 2000.
بەڵام دۆڕاندنی 5 لە دوایین 6 یاری بووە هۆی ئەوەی ساری لە سەرکردایەتی یانەکەی پایتەختی ئیتاڵیا دووربخرێتەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لازیۆ پلەی نۆیەمی ریزبەندیی خولی ئیتاڵیای گرتووە و بە 7 خاڵ لە نزیکترین پلەکانی پاڵاوتن بۆ پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا دوورە.
لەم دواییانەدا لازیۆ لە قۆناخی شانزدەی چامپیۆنزلیگ دوورکەوتەوە، دوای ئەوەی بە کۆی گشتی دوو یاریی بە ئەنجامی 1-3 بە بایرن میونشنی ئەڵمانی دۆڕا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ