دێپای لیۆن بەجێدەهێڵێت

18-02-2021
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-

جان میشێل ئۆلاس سەرۆکی یانەی لیۆنی فەرەنسی تەئکید دەکاتەوە، پێشتر هەموو ئاسانکارییەکی کردووە بۆ ئەوەی مێمفیس دێپای هێرشبەری هۆڵەندی بۆ ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا بگوازێتەوە. 

میشێل ئۆلاس سەبارەت بە داهاتووی مێمفیس دێپای قسەی بۆ یەکێک لە رۆژنامەکانی فەرەنسا کردووە و دەڵیت: "ئەمە دوایین ساڵی دیێپای دەبێت لەگەڵ یانەکەمان، ئەو یاریزانێکی کارامە و لێهاتووە، یەکێکە لە هێرشبەرە باشەکانی جیهان، لە ریزی یاریزانەکانی تەپەکەمان هاوشێوەی دێپای زۆر کەمە. ئەو زۆر چارەسەری لایە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی تیپەکەمان".

هەروەها سەرۆکی یانەی لیۆن گوتیشی: "هەمیشە خوازیاربووم لەگەڵمان بمێنێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێسە بەو ئۆفەرە رازیی نییە کە پێشکێشمان کردووە، هاوینی رابردوو هەوڵماندا یارمەتی بدەین بچێتە یانەی بارسێلۆنا، بەڵام ئەو کارە لە رووی مادییەوە گونجاو نەبوو، واتە دەستەوارەکەی بارسا شایەنی ئەوە نەبوو بە رۆیشتنی مێمفیس دێپای رازیبین".

لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکی یانە فەرەنسییەکە گوتی: "تاوەکو دوایین رۆژی ماوەی بەسەرچوونی گرێبەستەکەی هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی دێپای گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەمان نێوبکاتەوە، سەرباری ئەوەی ئێستا دۆخێک هاتووەتەپێش ئەو ئامانجەی ئێمە هێندە ئەستەم نییە، بەڵام هیچ رێگرییەکیشمان نییە ئەگەر بییەوێت ریزی یانەکەمان جێبهڵێت".

مێمفیس دێپای یەکێک بوو لە ئامانجە لەپێشینەکانی رۆناڵد کومانی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا کە لە مێرکاتۆی هاوینە بۆ ریزەکانی بارسێلۆنای بیگوازێتەوە، بەڵام قەیرانی دارایی و خراپی دۆخی ئابووریی یانەی بارسێلۆنا بوونە کۆسپ لەبەردەم سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە