ئینزۆ فێرناندێز هەموو جیهان تووڕە دەکات

17-07-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئینزۆ فێرناندێز رەگەزپەرستی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئینزۆ فێرناندێز، یاریزانی ئەرجەنتینیی یانەی چێڵسی ئینگلیزی، هەرایەکی گەورە دەنێتەوە، فەرەنسییەکان و هەموو جیهان و فیفاش تووڕە دەکات، دواتر داوایلێبوردن دەکات و دەڵێت "ئەو هەڵەیەم هیچ پاساوێکی نییە و داوایلێبوردن دەکەم".  
 
ئینزۆ لەگەڵ چەند ئەرجەنتینییەک لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت، کە گۆرانییەک دەڵێن و هاوار دەکەن "هەموو ئەوانەی یاری بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا دەکەن، ئەنگۆلین"، واتا یاریزانانی هەڵبژاردەی فەرەنسا هەموویان ئەفریقی رەشپێستن.
 
ئەو کارەی ئینزۆ هەمووانی تووڕە کردووە و بە کارێکی رەگەزپەرستانە لە قەڵەمی دەدەن، کە هەرزوو یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا، رایگەیاند سکاڵا لەسەر یاریزانە ئەرجەنتینییەکە تۆمار دەکات.
 
فیفا بڕیاریداوە لیکۆلینەوە لە رووداوەکەی ئینزۆ فێرناندێز بکات و ئەگەر دەرکەوت کە وشەی رەگەزپەرستی بەکارهێناوە، سزای دەدات، تەنانەت یانەی چێڵسی بڕیاریداوە سزای ئەو یاریزانە بدات.
 
ئینزۆ فێرناندێز دوای ئەوەی هەندێک وشەی رەگەزپەرستی بەکارهێنا، بە پۆستێک داوای لێبوردنی کرد و دانی بەوەدا نا کە هەڵەی کردووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت "لە خۆشیی سەرکەوتن ئەو قسانەی کردووە، ئەگەرنا لە خۆی ناوەشێنەوە".
 
ئینزۆ فێرناندێز لە رێگەی ئینیستاگرام داوایلێبوردن دەکات:
 
من دەمەوێت زۆر بە رژدی داوایلێبوردن بکەم بۆ ئەو ڤیدیۆ کلیپەی لە ئەکاونتی ئینیستاگرامم لە کاتی ئاهەنگەکانی هەڵبژاردەی نیشتمانیدا بڵاوکرایەوە.
 
گۆرانییەکە زمانێکی لە رادەبەدەر هێرشبەرانەی تێدایە و بەهیچ شێوەیەک هیچ بیانوویەک بۆ ئەم تێکستانە نییە.
 
من دژی جیاکاری و رەگەزپەرستیم بەهەموو جۆرەکانییەوە. داوایلێبوردن دەکەم کە لە خۆشیی سەرکەوتن و سەرقاڵبوون بە ئاهەنگەکانی کۆپا ئەمریکا روویدا.
 
ئەم ڤیدیۆیە، ئەو ساتەوەختە، ئەو قسانە، رەنگدانەوەی بیروباوەڕی من و کەسایەتیم نین. بەڕاستی داوایلێبوردن دەکەم.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە