لیۆناردۆ نهێنییەک لەسەر مێسی ئاشکرادەکات

16-09-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی لیۆناردۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیۆناردۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، نهێنییەکی دیکە لەسەر گواستنەوەی لیۆنێل مێسی لە لایەن یانەکەیانەوە ئاشکرادەکات و دەڵێت "مێسی نەیدەویست لە بارسێلۆنا بڕوات".

لیۆنێل مێسی، لە دوا رۆژەکانی مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە بارسێلۆنا رۆیشت و پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمانەوە کرد، کە یانەی کەتەلۆنی بەوە پاساوی هێنایەوە، کە بەهۆی زۆری قەرزەکانی سەر یانەکە و لە ترسی یاسای یاریی دارایی خاوێن نەیدەتوانی گرێبەستی ئەفسانەی ئەرجەنتینی نوێ بکاتەوە.

لیۆناردۆ لەبارەی گرێبەستکردنی یانەکەیان لەگەڵ مێسی، گوتی "ناتوانین ئەوە بشارینەوە کە ئێمە پێشتر پەیوەندیمان بە لیۆنێل مێسییەوە کردبوو، بەڵام ئەوە دوای مانگی کانوونی دووەم بوو، کە ئەوکات 6 مانگ لە ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا مابوو، ئێمە بەر لە مانگی یەکی 2021 بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیمان بە مێسییەوە نەکردووە".

ئەو بەرپرسەی یانەی پاریسی، زیاتر گوتی "پێموایە مێسی دەیویست لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە، لە راستیدا ئەو بە روونی پێیگوتین دەمەوێت لە بارسا بمێنمەوە و لێرە کۆتایی بە کاروانی وەرزشیی خۆم بێنم".

لیۆناردۆ لە بەردەوامی قسەکانیدا لەسەر لیۆنێل مێسی، گوتی "کاتێک چیرۆکی مێسی لەگەڵ بارسێلۆنا کۆتاییهات و ئەو ئامادەیی خۆی بۆ هاتنە ریزەکانی یانەکەمان نیشاندا، زۆر دڵخۆش بووین بە هێنانی بۆ ریزەکانی یانەکەمان".

ئەو لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتیشی "بێنە بەرچاوی خۆی مێسی بە درێسی پاریس سانجێرمانەوە یاری بکات، زیاتر دەیناسم، ئەو کەسێکی باش و جددی و دیاریکراوە".

لیۆنێل مێسی بەبێ بەرامبەر لە بارسێلۆناوە چووە پاریس سانجێرمان و ماوەی گرێبەستەکەی دوو ساڵە لەگەڵ ئەگەری نوێکردنەوە بۆ ساڵێکی دیکە، کە سەرەڕای ئەوەی وا بڵاوکراوەتەوە کە مووچەی ساڵانەی مێسی 35 ملیۆن یۆرۆی بێ باجە، بەڵام هەندێک لە رۆژنامەکانی فەرەنسا دەڵێن "مووچەی مێسی 41 ملیۆن یۆرۆیە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە