ئەیاکس گرێبەستی تادیچی نوێکردەوە

16-07-2021
هێژا خەسرەو
نیشانەکردن ئەیاکس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئەیاکس ئەمستردامی هۆڵەندی نوێکردنەوەی گرێبەستی دوشان تادیچی راگەیاند.

چەند رۆژێک پێش ئێستا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە یانەی چێڵسی و چەند یانەیەکی دیکە هەوڵی گواستنەوەی دوشان تادیچی یاریزانی ئەیاکس دەدەن، یانەکەش لەلایەن خۆیەوە هەوڵەکانی دەستپێکرد بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی و ئەمڕۆش هەواڵەکەیان راگەیاند.

ئەیاکس لە پێگەی فەرمی یانەکەی وێنەیەکی تادیچی بە درێسی ئەیاکسەوە داناوە و رایگەیاند تاوەکو هاوینی 2024 لە یانەکەیاندا دەمێنێتەوە، بەمەش چێڵسی و یانەکانی دیکە لە گواستنەوەی ئەو یاریزانە بێهیوا کرد.

تادیچ سێڕبییە و تەمەنی 32 ساڵە، لە ساڵی 2018وە لە یانەی ئەیاکس یاریدەکات، هەروەها 93 یاری بۆ یانە هۆڵەندییەکە ئەنجامداوە و 53 گۆڵیشی تۆمارکردووە، پێشتریش بۆ ماوەی چوار ساڵ لە یانەی ڤۆیڤۆدینا یاریکردووە، دواتر بۆ ماوەی دوو ساڵ لە یانەی گرۆنیگنی هۆڵەندی بووە، دواتر دوو ساڵی دیکەی لە یانەی توێنتی بەسەر بردووە، چوار ساڵیش لە یانەی ساوسامپتۆن بووە و لە ساڵی 2018 تاوەکو ئێستاش لە ئەیاکسە.

لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی نیشتیمانی وڵاتەکەشی تادیچ لە ساڵی 2008ەوە لە هەڵبژاردەی یەکەمی سێربیا یاریدەکات و لە 76 یاریدا 16 گۆڵی بۆ تۆمارکردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە