دایکی ئێمباپێ: کوڕەکەم بە قسەی نەکردم

16-04-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ فایزە ئەلعەماری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

فایزە ئەلعەماری، دایکی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، باس لە کێشەکانی کوڕەکەی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکەی دەکات، کە بەهۆی مافی وێنەکانەوە لە نێوانیاندا هەیە. دەشڵێت "کیلیان بمێنێتەوە یان بڕوات، پاریس سانجێرمان هەر دەمێنێتەوە".
 
ئێمباپێ, کارگێڕیی پاریسی شەرمەزار کرد کاتێک بەئاشکرا باسی لەوە کرد کە یانەکەی بەبێ ئاگاداری ئەو هەڤپەیڤینێکی بانگەشەی لەگەڵ کردووە، چونکە بە تەنیا لە ڤیدیۆ کلیپێکدا دەرکەوت بە بۆنەی دەستپێکردنی فرۆشتنی بلیتی وەرز و ئەوەش پرسیارێکی زۆری لەلایەن هاندەرانەوە ورووژاند.
 
جەختیشی لەوە کردەوە کە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەدا نییە، جەختیشی لەوە کردەوە کە لە پێناو مافی وێنەی تاکەکەسییەکاندا تێدەکۆشێت.
 
دایکی ئێمباپێ، لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت  "کوڕەکەم تووڕە بوو، دواتر وەک هەمیشە تەلەفۆنی بۆ کردم، کاتێک دەیەوێت هەر کارێک لە سۆشیال میدیا ئەنجام بدات، پێشتر کاتێکی بۆ تەرخان دەکرد بۆ پەیوەندیکردن بە دوو سێ کەسەوە". 
 
ئاماژەی بەوەش دەکات "لە نیگەرانییەکانی تێگەیشتم و پێمگوت ئێستا کاتی وەڵامدانەوە نییە، با بابەتەکە تێپەڕێت، هەمیشە کاتێک دەبێت بۆ روونکردنەوەی راستییەکان".
 
ئەو زیاتر دەڵێت "بەڵام ئێمباپێ ئامۆژگاری منی وەرنەگرت و گوتی نامەوێت چاوەڕێ بکەم، دەرئەنجامەکانی دەزانم و قبوڵیان دەکەم".
 
دایکی ئێمباپێ درێژەی بە قسەکانی دەدات و دەڵێت "هەموو کەسێک شێوازێکی پەیوەندیکردنی جیاوازی هەیە، هیچ ناکۆکییەک نەبوو. ئەو پاساوەی کیلیان بۆ رەفتارەکانی دەیبینێت پێگەی خۆیەتی لە ژووری جلگۆڕیندا".
 
دایکی کیلیان، لە کۆتاییدا دەڵێت "پاریس سانجێرمان هەر دەمێنێتەوە، کیلیان بمێنێتەوە یان بڕوات، یاریزانەکان دێن و دەڕۆن".
 
هەندێک لە میدیاکان ئەم قسانەی فایزەیان بەوە لێکدایەوە کە ئاماژەن بۆ رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ لە یانەی پاریس سانجێرمان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە