رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی قۆناخی پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگ دەستپێدەکەن، یاریی لووتکە لە ئیسپانیایە و بارسێلۆنا میوانداری یانەی مانچێستەر یونایتد دەکات.
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی قۆناخەکەدا، کاژێر 20:45، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی پێشەنگی ریزبەندی لالیگا لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی شازدەی یۆرۆپالیگ.
بارسێلۆنا و مانچێستەر یونایتد لەکاتێکدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، هەردوو یانە بە باشترین کاتەکانیدا تێدەپەڕن و لەسەر ئاستی خول ئەنجامەکانیان زۆرباشن، بارسێلۆنا پێشەنگی لالیگایە و مانچێستەر یونایتدیش لە پلەی سێیەمی پرێمەرلیگە.
یانە ئیسپانی و ئینگلیزییەکە بەشێوەیەکی گشتی 16 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، بارسێلۆنا 7 یاریی بردووەتەوە، 5 یاری لە بەرژەوەندی مانچێستەر یونایتد کۆتاییهاتووە و 4 یاریی نێوانیشیان بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
یاریی ئەمشەوی نێوان هەردوو یانە یەکەم رووبەڕووبوونەوەیان دەبێت لە دوای وەرزی 2019-2018 کە ئەو کاتە لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر یەکدی یارییانکرد.
یارییەکەی ئەمشەو کە لە یاریگەی کامپ نو بەڕێوەدەچێت، یاریی چوونی قۆناخەکەیە و یاریی گەڕانەوە لە 23ـی ئەم مانگە لە یاریگەی ئۆڵدترافۆرد لە مانچێستەر بەڕێوەدەچێت، یەکێک لە هەردوو یانەکە دەگاتە قۆناخی داهاتوو و ئەوەی دیکەشیان ماڵئاوایی دەکات.
کاژێر 20:45 چەند یارییەکی دیکەش بەڕێوەدەچن، ئایاکسی هۆڵەندی بەرامبەر یونیەن بەرلینی ئەڵمانی یارییدەکات، رێنی فەرەنسی دەبێتە میوانی شاختاری ئۆکراینی و رێدبوڵ سالزبۆرگی نەمسایی میوانداری رۆمای ئیتاڵی دەکات.
کاژێر 23:00 چوار یاریی دیکەی قۆناخەکە ئەنجامدەدرێن، یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی بە بارودۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و میوانداریی یانەی نانتی فەرەنسی دەکات، سێڤییای ئیسپانی و ئایندهۆڤنی هۆڵەندی لە یارییەکی بەهێزدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بایرلیڤەرکوزن میوانداریی مۆناکۆ دەکات و سپۆرتینگ لیشبۆنەش بەرامبەر میتێلاندی دانیمارکی یارییدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ