مێسی و رامۆس چیان بە هاندەرانی پاریس سانجێرمان گوت؟

15-08-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
مێسی و رامۆس
مێسی و رامۆس
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی سێرخیۆ رامۆس
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، لە رێورەسمێکی شایستە و سەرنجڕاکێشدا، ئەستێرەی نوێیەکانی یانەکەی بە میدیا و هاندەران ناساند، لیۆنێل مێسی و سێرخیۆ رامۆسیش پەیامیان ئاراستەی هاندەرانی یانە فەرەنسییەکە کرد.

بە ئامادەبوونی زیاتر لە 47 هەزار هاندەر، یانەی پاریس سانجێرمان هەریە لە لیۆنێل مێسی، سێرخیۆ رامۆس، جیانلویجی دۆنارووما، جۆرجینیۆ ڤایناڵدۆم و ئەشرەف حەکیمی، یاریزانانی نوێی یانەکەی ناساند، کە لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا گوازراونەتەوە یانەکە.

مێسی و رامۆس لە لای یەکدییەوە لەسەر ستەیجی پێشوازی وەستان و سڵاویان لە هاندەرانی یانەکە کرد، لیۆ پەیامێکی ئاراستەی هاندەران کرد و گوتی " بە هەفتەیەکی زۆر نایابدا تێپەریم، زۆر سوپاسی ئەم پێشوازییە سەرنجڕاکێش و گەورەیەی هاندەران دەکەم، کە لەگەڵ گەیشتنم بۆ پاریس لێیان کردم، بەخێرهاتنەکەم سەرسوڕهێنەر بوو ".

مێسی زیاتر گوتی " هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکەم کە لێرەم، ئەمە قۆناخێکی نوێی یارییکردنی من و کاروانی پیشەگەریمە ".

ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە بە هاندەرانی یانەکەی گوت " هیوادارم پێکەوە کاتی خۆش بەسەرببەین و ئەم وەرزە ئاستێکی باش پێشکێشبکەم ".

لەلایەن خۆیەوە سێرخیۆ رامۆس، بەرگریکارە نوێیەکەی پاریس سانجێرمان گوتی " ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر تایبەتە بۆ من، تیپێکی نایابمان هەیە کە دەتوانێت نازناو بباتەوە، کاردەکەین و هەموو توانایەکمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەین، هاندەران بە ئاستە بەرزەکەمان دڵخۆشبکەین، چونکە ئەمە شتێکی زۆر گرنگە ".

لە کۆتایی قسەکانیدا رامۆس بە یەک رستە گوتی " پاریس ئەفسووناوییە ".

لیۆنێل مێسی، لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا دوای زیاتر لە 16 ساڵ یارییکردن بۆ تیپی یەکەمی بارسێلۆنا، ماڵئاوایی لە یانەکە کرد و بەشێوەیەکی بێبەرامبەر بە مووچەی 35 ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمان کرد.

لیۆ لە یاریی پاریس و ستراسبۆرگ کە پاریسییەکان بە 4-2 یارییەکەیان بردەوە، لەنێو هاندەرانەوە لەگەڵ نەیمار، دیماریا، پاستۆری، سێرخیۆ رامۆس و خانەوادەکەی بینەری یارییەکە بوو.

سێرخیۆ رامۆسیش بەهەمان شێوەی مێسی بێبەرامبەر پەیوەندیی بە یانە فەرەنسییەکە کردووە، دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید کۆتاییهات و لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نەگەیشتە رێککەوتن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە