ئایا ڤار یارمەتی ریال مەدرید دەدات؟ سوارێز وەڵام دەداتەوە

15-07-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لویس سوارێز یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو - هەولێر

لویس سوارێز، هێرشبەری ئۆرگوایی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، دووپاتیکردەوە کە نابێت بیانوو بەوە بێننەوە کە ڤار یارمەتی ریال مەدریدی داوە و گوتی "نابێ ڤار بکەینە بیانوو، دەبێ یەکەمجار رەخنە لە خۆمان بگرین".

سوارێز جەختی لەوە کردەوە کە نابێت بارسێلۆنا بیانوو بۆ ئاستی خراپی خۆی بێنێتەوە و رەخنە لە ڤار بگرێت و گوتی "دەبێ یەکەمجار رەخنە لە خۆمان بگرین، کە بووینە هۆکاری لەدەستدانی نازناوی ئەمساڵی لالیگا، کە لەبەردەستماندا بوو".

ئەستێرەی ئۆرگوایی، راشکاوانە گوتی "بردنەوەی نازناوی ئەمساڵی لالیگا لە لایەن بارسێلۆناوە نزیکە لە مەحاڵ".

تەنیا دوو گەڕی یاری لە لالیگا ماون، کە تاوەکو ئێستا ریال مەدرید بە جیاوازی 4 خاڵ لەپێش بارسێلۆنا، پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەی گرتووە و لە دوو یارییدا تەنیا پێویستی بە دوو خاڵە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە.

لویس سوارێز، کە لە لالیگادا ئاڵای سپی لە بەرامبەر ریال مەدریددا هەڵکردووە، هیوای بەوە ماوە کە لە چامپیۆنزلیگدا ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن، ئەو گوتی "دەبێ ئەوە بزانین کە ئەو ئاستەی بەرامبەر ڤیاڕیال پێشکەشمان کرد رێچکە راستەکەیە، دەبێ بەو شێوەیە یاری بکەین ئەگەر بمانەوێت لەپێناو شتی گرنگی وەک چامپیۆنزلیگدا تێبکۆشین. دەتوانین ئامانجەکە بپێکین".

سوارێز هەروەها گوتی "راستە بەرامبەر ئیسپانیۆل ئاستمان دابەزی و پێویستە رەخنە لە خۆمان بگرین، بەرامبەر ڤایادۆلیدیش گێمێکی باشمان پێشکەشکرد، بەڵام لە گێمی دووەمدا نەمانتوانی هەلی گۆڵ بڕەخسێنین، بۆیە دەبێ گلەیی لە خۆمان بکەین".

سوارێز لە بەشێکی قسەکانیدا، دووپاتیکردەوە "لەدەستدانی لالیگا بەهۆی ڤار نییە، ئێمە وامانکرد نازناوەکە لەدەستماندا رابکات، نابێت پەنا ببەینە بەر بیانوو".

لویس هەروەها گوتیشی "بارسێلۆنا لەپێناو ناوبانگی خۆی پێویستە هەردوو یاری داهاتووی بباتەوە، ئینجا دەبێت هەموو بیرکردنەوەی بخاتە سەر تاکە نازناو کە دەکرێت ئەمساڵ ململانێی لەسەر بکات، ئەویش چامپیۆنزلیگە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە