هازارد کێشە بۆ ریال مەدرید دروست دەکات

15-05-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئێدین هازارد ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی، ئەو کێشەیەی ئاشکراکرد کە ئێدین هازاردی بەلجیکی بۆ یانەی ریال مەدرید دروستی کردووە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر وازهێنانی لە یانەی ریال مەدرید راگەیاندووە.
 
هازاردی تەمەن 33 ساڵ، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو وازهێنانی خۆی راگەیاند، دوای ئەوەی لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا یاری بۆ یانەکانی لیل، چێڵسی و ریال مەدرید کرد، بەڵام بەهۆی ئەو پێکانە درێژخایەنانەی کە تووشی بوو، گەشتەکەی لە یانەی شاهانە کۆتاییهات.
 
رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف، ئەمڕۆ چوارشەممە لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە "چێڵسی  پاداشتێکی 5 ملیۆن پاوەندی لە ریال مەدرید وەردەگرێت، بەهۆی بەندێکی نێو گرێبەستی هازارد کاتێک لە چێڵسییەوە پەیوەندی بە یانەی شاهانەوە کرد و تێیدا هاتووە ئەگەر ریال مەدرید گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەبێت ئەو پارەیە بداتە چێڵسی، سەرەڕای ئەوەی یاریزانەکە پێش 7 مانگ وازی لە یاریکردن هێناوە".
 
راپۆرتی رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ریال مەدرید و هازارد لە هاوینی رابردوودا گەیشتنە رێککەوتن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی، ئەویش لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا وازهێنانی خۆی راگەیاند، هەرچەندە مەرجەکانی گواستنەوەی لە چێڵسی بۆ ریال مەدرید تاوەکو ئێستاش کاری پێدەکرێت.
 
دەیلی تەلەگراف، زیاتر دەڵێت "هازارد لە ساڵی 2019 بەبڕی 130 ملیۆن پاوەند بە ریال مەدرید فرۆشرا، لەگەڵ زیاتر لە 40 ملیۆن پاوەند گۆڕانکاری.
 
ئەو سەرچاوەیە روونیشیکردووەتەوە "هەرچەندە ئەو بڕە پارەیەی چێڵسی وەریدەگرێت بە بەراورد بە کرێی گواستنەوە لە بازاڕی ئێستا کەمە، بەڵام هێشتا ئەو پاداشتە لەلایەن چێڵسییەوە پێشوازی لێدەکرێت، کە هەوڵدەدات هاوشێوەی یانەکانی دیکە پابەندبێت بە یاساکانی قازانج و بەردەوامیی لە خولی ئینگلیزیدا".
 
هازارد لە ماوەی مانەوەی لە ئیسپانیا کێشەی پارێزگاریکردن لە توانای جەستەیی خۆی و یاریکردنی بەردەوامی هەبوو، چونکە لە ماوەی چوار وەرزی لەگەڵ ریال مەدرید تەنیا 54 یاری کە لالیگادا ئەنجامدا، سەرەڕای ئەوەش لە ساڵی 2022 نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە.
 
یاریگای وێمبڵی لە لەندەنی پایتەختی ئینگلتەرا، لە یەکی مانگی حوزەیرانی داهاتوودا میوانداریی یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی 2024 دەکات، کە یانەی ریال مەدرید و بۆرووسیا دۆرتموند کۆدەکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە