رۆژنامەنووسە نامیبییەکە بەتووندی وەڵامی سەرۆکی ریال مەدرید دەداتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن بالۆن دۆر ڤینیسیۆس جۆنیۆر فلۆرێنتینۆ پێرێز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای تێپەڕینی نزیکەی مانگێک، بەسەر ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی بالۆن دۆر و بردنەوەی خەڵاتەکە لەلایەن رۆدرییەوە، تاوەکو ئێستا بابەتی بەدەستنەهێنانی ئەو خەڵاتە لەلایەن ڤینیسیۆس جۆنیۆر مشتومڕی لەسەرە.
 
خەڵاتی بالۆن دۆر لە ساڵی 1956ەوە لەلایەن گۆڤاری فرانس فوتبۆڵەوە دابەشدەکرێت و رۆدری، ناوەڕاستکاری مانچێستەر سیتی، دوایین یاریزانی براوەی خەڵاتەکەیە.
 
سەرەتای ئەم هەفتەیە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، جارێکی دیکە لە کۆنگرەی گشتیی ساڵانەی یانەکەیدا ئەو بابەتەی وروژاندەوە و بەتایبەت باسی ئەوەیکرد کە رۆژنامەڤانانی هەریەکە لە نامیبیا، ئۆگەندا، ئەلبانیا و فینلەندا دەنگیان بەڤینیسیۆس جۆنیۆر نەداوە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە، هەربۆیە ئەو لە پێشبڕکێیەکەدا دۆڕاوە.
 
پێریز گوتبوی، "رێز و خۆشەویستیی زۆرمان بۆ رۆدری هەیە و شایستەی خەڵاتەکەیە، بەڵام قورسە روونی بکەینەوە چی روویداوە، هەندێک شت هەیە جێگەی سەرنجە. ئەوان دەڵێن یۆفا هاتووەتە ناو پڕۆسەکەوە و هیچیش نەگۆڕاوە، باشە، بەڵام ئەوان سیستمی دەنگدانیان گۆڕی، جێگەی سەرنجە کاتێک ببینین لە یارییەکی جیهانیی وەک تۆپی پێدا، دەوڵە پڕ لە دانیشتووانەکانی وەک هیند، نوێنەریان نییە لە دەنگدان بۆ بالۆن دۆر، بەڵام دەوڵەتانی خاوەن یەک ملیۆن دانیشتووان، رۆژنامەڤانیان هەیە کەدەنگ دەدات بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە".
 
سەرۆکی ریال مەدرید هەروەها گوتبوی، "جیا لەوە، کەس نایانناسێ، ئەگەر نامیبیا، ئۆگەندا، ئەلبانیا و فینلەندا نەبوونایە، ڤینیسیۆس خەڵاتەکەی دەبردەوە".
 
پێرێز هەروەها دەڵێ، "بالۆن دۆر خەڵاتێکە دەبێ کەسانی سەربەخۆ دەنگی تێدا بدەن، کەسانی دانپێدانراو، دەبوو خەڵاتەکە بدرێتە ڤینیسیۆس، یان کارڤاخال یان بێلینگهام".
 
قسەکانی پێرێز، کاردانەوەی تووندی لەلایەن شیڤینی نیکۆدیمۆسی رۆژنامەڤانی نامیبی بەدوای خۆیدا هێنا کە بەشداری لە دەنگدان بۆ بەربژێرانی بالۆن دۆر کردووە، ئەو دەڵێ، "قسەکانی سەرۆکی ریال مەدرید، قسەی کەسێکی بێهیوایە".
 
شیڤینی کە لە رادیۆی نامیبیا کاردەکات، دەڵێ، "لەبنەمادا، گومانم لەوە هەیە کە ئەمانە قسەی کەسێکی تێکشکاوی وەک بەڕێز پێرێزە. بەدەربڕینێکی دیکە، ئەو وا هەستدەکات خەڵکی وڵاتەکەی من و هەندێک وڵاتی دیکە کە ناوی هێناون، مافی ئەوەیان نییە دەنگ بدەن، لەبەرئەوەی بەبڕوای ئەو، ئێمە لە کەسانی ئاسایی نزمترین".
 
هەروەها دەڵێ، "تەنیا دەمەوێ ئەوە بزانم کە ئەگەر من لە وڵاتێکی گەورەی تۆپی پێدابوومایە و دژی بۆچوونی ئەو بوومایە، ئەوکات بیانووی چی دەبوو بۆ قسەکانی؟".
 
نیکۆدیمۆس، هیچ دەنگێکی بە ڤینیسیۆس نەداوە، بەڵکو دەنگەکانی بەریز بۆ هەریەکە لە بێلینگهام، رۆدری، لامین یامال، لاوتارۆ مارتینێز، چاکا، ئێمباپێ، کارڤاخال، کرووس، کین و هالاند بووە.
 
لە نێو کۆی دەنگدەرانی بالۆن دۆری ئەمساڵدا، تەنیا رۆژنامەڤانە نوێنەرەکانی نامیبیا، ئەلبانیا و فینلەندا، هیچ دەنگێکیان بەڤینیسیۆس نەداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە