رووداو دیجیتاڵ
ئێدین هازارد، یاریزانی بەلجیکی، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید، هەنگاوێکی نوێ لە وازهێنان لە یاریکردن نزیکبووەوە، کە ئەگەری هەیە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا ئەو بڕیارە بدات.
هازارد لە کۆتایی وەرزدا ریزەکانی مێرینگێی جێهێشت، کە هێشتا وەرزێک ماوەی گرێبەستەکەی مابوو، بەو پێیەی لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە رێککەوتبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بە رەزامەندی هەردوولا.
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، هازارد دەیەوێت بەردەوام بێت لە ژیانی لەگەڵ خێزانەکەی لە مەدرید، ئەم بیرۆکەیە لەم چەند رۆژەی دواییدا بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەم بیرۆکەیە بەناچاری هازارد نزیک دەکاتەوە لەو بڕیارەی کە قورسترینە بۆ یاریزانانی تۆپی پێ، ئەویش وازهێنانە".
ئەو سەرچاوەیە زیاتر دەڵێت "تەنیا دەستەوارەیەکی شێتانە لەلایەن سعودیەوە، یان پڕۆژەیەکی سەرنجڕاکێش لە خولی ئەمریکییەوە، دەتوانێت جارێکی دیکە هەست و پەرۆشی هازارد بۆ بەردەوامبوون لە یاریکردن بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئێستا هەست دەکات کە بەس بووە".
بەگوێرەی راپۆرتەکە، هازارد شارەزایی لە زمانی ئیسپانی هەیە. خێزانەکەی هەست بە ئاسوودەیی دەکەن لە مەدرید. هەروەها لیۆی کوڕەکەی لە مانگی ئازاری رابردوو پەیوەندی بە ریزەکانی تیپی لاوانی ریال مەدریدەوە کردووە، ئەمەش هۆکارێکن کە بە جددی نزیکی دەکەنەوە لە بیرکردنەوە لە وازهێنان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ