ئەفسانەیەکی فەرەنسا: بەرامبەر مێسی هەڵەمان کرد

15-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی مێسی، بارسێلۆنا، پاریس سانجێرمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ڤیسێنتی لیزارازۆ، ئەفسانەی پێشووی تۆپی پێی فەرەنسا، پێیوایە هەمووان لە بەرامبەر مێسیدا هەڵەیان کردووە.
 
لیزارازۆ، کە پێشتر لە 1992 تاوەکو 2004 یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسا بووە، باسی لەو هێرشە بەردەوامە کردووە کە هاندەرانی پاریس سانجێرمان دەیکەنە سەر لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یانەکە.
 
مێسی لە کاتێکدا هاوینی ئەمساڵ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە پاریسییەکە کۆتایی دێت، لە دۆخ و پەیوەندییەکی نائارامدایە لەگەڵ هاندەرانی یانەکە، بەتایبەت پاشئەوەی هاندەرانی ئەو یانەیە هێرشیان کردە سەری و جنێویان بە دایکی ئەو یاریزانە دا.
 
مێسی لە دوا یاریی یانەکەیدا لە خولی فەرەنسا جارێکی دیکە رووبەڕووی هەمان دۆخ بووەوە.
 
لیزارازۆ، لە لێدوانی بۆ کەناڵی 'لو سپۆرت 10'ی فەرەنسی دەڵێ، "شەرم لەو مامەڵەیە دەکەم کە بەرامبەر مێسی کردمان. ئەو وەرزێکی کارەساتاوی نەبوو تا بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو 15 گۆڵی کردووە و 15 ئەسیستی هەبووە".
 
لیزارازۆ کە لە بایرن میونشنی ئەڵمانی و مارسیلیای فەرەنسی یارییکردووە، دەڵێ، "راستە مێسی لە دوای مۆندیالەوە ئاستی کەمێک دابەزیووە، بەڵام ئێمە باسی باشترین یاریزان دەکەین، یان یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ. ناتوانین وەک یاریزانێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. ناکرێ و نابێ وای بیر لێبکەینەوە کە ئەو یاریزانێکی ئاساییە".
 
ئەو زیاتر گوتوویەتی، "کێشەکە لە پاریس سانجێرماندایە و هەمووان هەل لەدەستدەدەن. بەچاوپۆشین لە ئێمباپێ کە هەموو کات سەرکەوتووە، زۆر یاریزانی دیکە هەن کە بوونەتە قوربانیی دۆخ و کەشی گشتیی یانەکە".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەوە تەنیا کێشەی یاریزانەکان نییە و تەنیا ئەوان هۆکار نین، بەڵکو ژینگەی یانەکە هۆکارە..ئەوەی کە رۆژ لە دوای رۆژ داوای دەکەین و روونادات، گوناهی مێسی تێدا نییە، پێموایە ئەو شایستەی رێزی لەوە زیاترە کە تاوەکو ئێستا پێشانمانداوە".
 
قسەکانی لیزارازۆ لە کاتێکدایە کە سەرچاوە جیاوازەکان کۆکن لەسەرئەوەی پەیوەندی نێوان مێسی و سانجێرمان کۆتایی هاتووە و یانەی بارسێلۆنا لێبڕاوانە کاردەکات بۆئەوەی جارێکی دیکە ئەو یاریزانە بباتەوە ریزەکانی خۆی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە