بایرن میونشن دەیەوێت گورزێکی کوشندە لە بارسێلۆنا بدات

15-04-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن گاڤی بایرن میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەیەوێت گورزێک لە بارسێلۆنا بدات و ئەستێرەیەکی داهاتووی یانەکە بباتە ریزەکانی.
 
بەگوێرەی میدیاکانی ئەڵمانیا و ئیسپانیا، بایرن میونشن چاودێری بارودۆخی گاڤی دەکات لەگەڵ یانە ئیسپانییەکەی، وەک ئامادەکارییەک بۆ گرێبەستکردن لەگەڵی، کە بەرپرسانی یانە باڤارییەکە پێیانوایە ئەو یاریزانە گەنجە زۆر گرنگە بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی تیپەکەیان و دەشڵێن "گاڤی بۆ داهاتووی یانەکەمان زۆر گرنگە".
 
پێشتر گاڤی لە مانگی ئەیلوولدا گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا نوێکردەوە تاوەکو ساڵی 2026 کە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە یەک ملیار یۆرۆ بوو، بەڵام ئەم گرێبەستە لەلایەن یانەکەوە لە خولی ئیسپانیا تۆمار نەکرا بەهۆی قەیرانی دارایی یانەکە و سنووردارکردنی مووچە.
 
ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە تۆمارکردنی گاڤی لە پێشینەی کارەکانی بارسێلۆنایە، بەڵام یانە گەورەکانی ئەوروپا لە ئامادەباشیدان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکە و بەو مەبەستە چاودێری پێشهاتەکانی ئەو بابەتە دەکەن.
 
لای خۆیەوە گاڤی دەیەوێت لەگەڵ بارسێلۆنا بەردەوام بێت و بیر لە جێهێشتنی یانەکەی ناکاتەوە، بەڵام ئەگەر نەتوانرا گرێبەستە نوێیەکەی تۆماربکرێت، یانەکانی دیکە دەیانەوێت پێشهاتەکان بزانن، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ پێشکەشکردنی دەستەوارە و گرێبەستکردن لەگەڵیدا.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە کە هەردوو یانەی چێڵسی و بایرن میونشن زۆر بەجددی و بە باشی لە ئامادەباشیدان سەبارەت بە دۆخی گافی، بەتایبەتیش یانە ئەڵمانییەکە،
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "بەرپرسانی بایرن میونشن پەیوەندییان بە نوێنەری گافییەوە کردووە بۆ ئەوەی ئارەزووی خۆیان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانە لاوە ئیسپانییە نیشان بدەن".
 
پێشبینی دەکرێت بارسێلۆنا جگە لە کەمکردنەوەی مووچەی یاریزانانی دیکەی، ژمارەیەک یاریزانیشی لە هاویندا بفرۆشێت، بۆ ئەوەی بتوانێت گاڤی و سەرجەم یاریزانە نوێیەکان و گرێبەستە نوێیەکانی داهاتووی تۆماربکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە