جامی ئەفریقا.. مەغریب باشترین تیمی عەرەبییە

15-01-2022
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-
 
 
رووداو - دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی مەغریب وەک یەکەم هەڵبژاردەی عەرەبی گەیشتنی بە قۆناخی داهاتووی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا مسۆگەر کرد، دوای ئەوەی شکستی بە هەڵبژاردەی دورگەکانی قەمەر هێنا.
 
مەغریب لە یاریگەی ئەحمەدۆ ئۆهیجیۆ یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی دورگەکانی قەمەر کرد، یارییەکەش بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ بەرامبەر لە سوودی سوورپۆشەکان کۆتاییهات، بەمەش بە شێوەیەکی فەرمی وەک یەکەم هەڵبژاردەی عەرەبی بلیتی قۆناخی 16ـی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای بڕی.
 
خەلیلۆزیچی راهێنەری هەڵبژاردەی مەغریب بۆ ئەم یارییە چەند گۆڕانکارییەکی کردبوو، هەر بۆیە لە سەرەتای یارییەکەوە دوای تێپەڕینی چارەگێک گۆڵی یەکەمیان تۆمارکرد، کاتێک سەلیم ئەملاح مەغریبی پێشخست. 
 
لە نیوەی دووەمدا باڵادەستیی مەغریبییەکان بەردەوام بوو، یوسف ئەلنسێری لە خولەکی 81ـدا لێدانێکی سزای لەدەستدا، پێش ئەویش چەندین هەلی مەترسیداریان دروستکرد و گۆڵیان پێنەکرا، دواجار لە خولەکی 90ـدا زەکەریا ئەبو خەلال گۆڵی دووەمیشی بۆ شێرەکانی ئەتڵەس تۆمارکرد و یارییەکەیان بردەوە.
 
مەغریب ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە شەش خاڵ و پلەی پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی گرتووە، یاریی داهاتووشی بەرامبەر بە هەڵبژاردەی گابۆنە، دورگەکانی قەمەریش دووەم یارییە لەسەریەک دەدۆڕێنن و نزیکن لەوەی ماڵئاوایی بکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە