رووداو دیجیتال
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان هۆکاری دەمەقاڵێی نێوان لیۆنێل مێسی ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی دەستەی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی بۆلیڤیا ئاشکرادەکەن.
لە گەڕی دووەمی یارییەکانی پاڵاوتنی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە ئەنجامی 2 - 1 لە بۆلیڤیای بردەوە، کە دوای تەواوبوونی یارییەکە دەمەقاڵێیەکی تووند لە نێوان لیۆنێل مێسی و لوکاس ناڤای راهێنەری هەڵگرتنی قورسایی یاریزانانی هەڵبژاردەی بۆلیڤیا روویدا.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، مێسی هەر لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکە لە لایەن مارسێلۆ مارتینێزی کاپتنی بۆلیڤیاوە تووڕەکراوە، کاتێک ئەو لە مێسی نزیکبووەتەوە و بەگاڵتەجاڕییەوە پێیگوتووە "لەبیرتە کە شەش بە یەک لێمانبردنەوە".
لە ساڵی 2009 لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2022ـی ئەفریقای باشوور، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە ئەنجامی 1 - 6 بە بۆلیڤیا دۆڕا، کە ئەوکات مێسیش یاری بۆ هەڵبژاردەی تانگۆ دەکرد.
دوای یارییەکەش دەمەقاڵێی مێسی و مارتینێز دەستیپێکردەوە و راهێنەرەکەی بۆلیڤیا خۆی خستە نێو شەڕەکە و خۆی و مێسی چەندین جنێو و قسەی ناشیرینیان بەیەکدی گوت، کە لەوانەبوو کێشەکە گەورەتر بووبووایە ئەگەر هاوڕێکانی مێسی نەبوونایە، کە لیۆیان لە شوێنی دەمەقاڵییەکە دوورخستەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ