رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەهۆی ئاهەنگگێڕانەکانی نیو یاریگەی نوێی سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕووی کێشەی گەورە بووەتەوە، یانەکە ناچارە نوێنەری خۆی بنێرێتە بەردەم دادگا و روونکردنەوە بدات لەبارەی ئەو دۆسێیەوە.
کارگێڕیی ریال مەدرید، بڕیاریداوە سەرجەم ئاهەنگەکانی سەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ رابگرێت لە بڕیار بوو لە ماوەی نزیکی داهاتوودا تاوەکو مانگی سێی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێن.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە میدیاییەکانی ئیسپانیا، کارگێڕیی ریال مەدرید، ئەنجامدانی سەرجەم ئاهەنگەکانی سەر یاریگەکەی راگرتووە، بەوەش زیاتر لە 250 هەزار کەس، کە بلیتی ئەو ئاهەنگانەیان کڕیوە، زیانمەندبوون.
سەرچاوەکان دەڵێن سکاڵای دراوسێکانی یاریگەکە، تاکە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئاهەنگەکانی سەر سانتیاهۆ بێرنابیۆیە چونکە ئاهەنگەکانی پێشوو، دراوسێکانی بێزارکردووە بەهۆی دەنگی بەرزی ئاهەنگەکانەوە و بەوەش ریال مەدرید رووبەڕووی زیانێکی زۆری دارایی دەبێتەوە.
راپۆرتەکان دەڵێن، ریال مەدرید بڕیاریداوە لە ماوەی راگرتنی ئاهەنگەکاندا، ژمارەیەک شاشەی دیکەی زەبەلاح لە یاریگەکاندا دابنێت بۆ کەمکردنەوەی گەیشتنی دەنگ بەدراوسێکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی شارەوانیی مەدرید کە پێشتر بڕیاریدابوو دوایین کات بۆ ئاهەنگگێڕانی گشتی، کاژێر 11ی شەو دەبێت بەکاتی مەدرید.
دراوسێکانی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، لە دادگای مەدرید سکاڵایان تۆمارکردووە، دەڵێن ئاهەنگە شەوانەکانی نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ، تاوانە بەرامبەر ژینگە و هەراسانکردنی ماڵەکانی نزیک یاریگەکە، بەهۆی نەبوونی دابڕی دەنگ و رووناکی لە یاریگەکەدا.
نوێنەری ریال مەدرید بڕیارە رۆژی 29ی مانگی دە لەبەردەم دادگادا ئامادەبێت و روونکردنەوە لەبارەی پلانەکانی چاککردنی کێشەی دەنگ و رووناکی لە یاریگەکەدا دەدات.
ریال مەدرید کە زیاتر لە ملیارێک یۆرۆی لە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی یاریگەکەیدا خەرجکردووە، دەیویست یاریگەکە بکاتە پێگەیەکی گەورەی گرنگ بۆ داهاتی زیاتر و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین کۆنسێرت و ئاهەنگی گەورەی گۆرانی لەسەر یاریگەکە ئەنجامدران، لە نێویاندا ئاهەنگی تایلۆر سوێفت و لویس میگێل.
هەریەکە لە ئایتانا و لۆلا ئیندیێگۆ، کە دوو هونەرمەندی بەناوبانگی ئیسپانین و بڕیاربوو لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ کۆنسێرت ئەنجام بدەن، هەڵوەشاندنەوەی ئاهەنگەکانیان لەسەر یاریگەکە راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ