رووداو دیجیتاڵ
دانی کارڤاخال، بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی ریال مەدرید بڕیاریدا رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو رۆژنامانە بگرێتەبەر کە بەوە تۆمەتباریان کردووە گوایە 5 ساڵ لەمەوبەر تێوەگلانی لە دەستدرێژی سێکسیدا هەبووە.
کارڤاخال، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند "هەموو ئەو زانیاریانەی لەم رۆژانەدا لە رۆژنامەکان بڵاودەکرێنەوە و دەیانەوێ لە کەسایەتی من بدەن، بە تەواوی هەڵەن و دوورن لە راستییەوە، هەر لە پەیوەندیکردنم بە لایەنە سیاسییەکانەوە تاوەکو تێوەگلانم لە دەستدرێژی سێکسی لە کاتی مۆندیالی 2018 لە رووسیا".
یاریزانەکەی ریال مەدرید گوتیشی "بە داخ و زۆر هەستیار دەزانم که میدیا مافی ئەوە بەخۆی بدات بەشێوەیەکە ستەمکارانە تۆمەت بنووسێت و متمانە بە قسەکانی لایەنی سێیەم بدات".
دانی گوتیشی "ئەم بابەتە ناو و شەرەفی من لەکەدار دەکات، بۆیە پێشتر دەستم بە رێکارە یاساییەکان کردووە و بەردەوام دەبم تاوەکو راستییەکان ئاشکرا دەکەم".
کارڤاخال لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی لێدوانەکانی سەبارەت بە قەیرانی لویس روبیالێس سەرۆکی پێشووی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا و جینی هێرمۆسۆی خانمە یاریزانی هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا، رەخنەی توندی لێگیرا، چونکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو پرسە بە سیاسی کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ