مانەوەی دانی ئەلڤێش لە زینداندا درێژکرایەوە

14-06-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دانی ئەلڤێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگای بارسێلۆنا، بڕیاریدا ماوەی مانەوەی دانی ئەلڤێش لە زینداندا درێژ بکاتەوە، کە بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر خانمێک دەستگیرکراوە.
 
یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی بارسێلۆنا، لە 20ـی مانگی یەکی ئەمساڵەوە لە شاری بارسێلۆنا لە زینداندایە.
 
ناچۆ ئاباد، کە راگەیاندنکارێکی ئیسپانییە، نوێترین لێدوانەکانی ئەلڤێشی سەبارەت بە  درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی لە زینداندا بڵاوکردەوە.
 
ئەلڤێش دەڵێت "تەنیا دوو کەس دەزانن چی روویداوە و بەتایبەتی چی رووینەداوە. من راستی دەڵێم، پێموایە هەمووان لەوە تێدەگەن کە هەوڵی رزگارکردنی ژیانی هاوسەرگیرییەکەم دەدا، بۆیە ئەوەی جاری یەکەم گوتم لەو پێناوەدابوو. بەڕاستی ئەوە تاکە هۆکار بوو و هیچم نییە بیشارمەوە. من تەنیا دووجار لەبەردەم دادوەردا شایەتیم داوە".
 
یاریزانی بەرازیلی، زیاتر دەڵێت "لە 20ـی مانگی یەکەوە لە زیندانم و تاوەکو ئێستا دادگایی نەکراوم، لە دواڕۆژدا دەردەکەوێت کە من تاوانبار نیم و ئەوەی روویداوە پەیوەندییەکی رەزامەندانەبووە. وەک ئەوەی نووسراوە، هەرگیز بە بیرمدا نەهاتووە کاری سێکسی بەزۆر بەسەر کەسدا بسەپێنم".
 
ئەو دەشڵێت "لە مەکسیک بە ئارەزووی خۆم چوومە لای پۆلیس، لە کاتێکدا دەمتوانی بگەڕێمەوە بەرازیل، کە وڵاتەکەم هەرگیز هاوکاری ئیسپانیای نەدەکرد بۆ رادەستکردنەوەم. بەڵام من ئەوەم کرد بۆ بەرگریکردن لە خۆم و سەلماندنی بێتاوانی خۆم".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە