رووداو - هەولێر
رێبوار خدر، سەرۆکی یانەی چەمچەماڵ لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەو و بە گریانەوە دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتی یانەکە راگەیاند.
سەرۆکی یانەکە بەشداریی لە بووڵتنی هەواڵە وەرزشییەکانی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و گوتی، کاتێک پۆستی سەرۆکایەتی یانەکەمان وەرگرت یانەکە 20 ملیۆن دینار قەرزاربوو، ئەوە دوو ساڵە لە خولی پلە دوو گەیشتوونەتە پلە یەکی کوردستان و سەرکەوتنیشتمان بۆ خولی نایاب مسۆگەرکردووە، بەمەش قەرزێکی زۆر کەوتووەتە سەر یانەکە، بەتایبەت کە یانەکە هیچ داهاتێکی مانگانەی نییە، تەنیا ئەوەنەبێت کە ساڵانە بەهۆی ئەو دووکانانەی لە نزیک یانەکە دروستکراون لە رێگەیەوە 14 ملیۆن دەستدەکەوێت کە ئەمەش زۆر کەمە و بەشی هیچ شتێک ناکات.
سەرۆکی یانەی چەمچەماڵ گلەیی لە بەرپرسانی شارەکەی دەکات و دەڵێت، لەم شارەدا کۆمپانیاکان بازرگانی نەوت دەکەن و بە بۆڕیی گەورە دەچێتە دەرەوە، بەڵام کەس هاوکاریی یانەکە ناکات و گوێمان لێناگرن، هەرچەند کە چەندجارێک لە رێگەی کارگێری شارەکەوە داوای هاوکاریمان کردووە و ئاگاداری بارودۆخەکەن، بەڵام کەس هاوکاریمان ناکات.
رێبوار خدر، کە پێشتر زێڕی هاوژینەکەی فرۆشتووە بۆ ئەوەی هاوکاری یانەکە بکات هەڵوێستی خۆی ئاشکراکرد و گوتی، هیچ دەرگایەک نەماوە لێی نەدەم، بەڵام ئێستا زێڕیشم نەماوە بیفرۆشم، بۆیە دەستلەکارکێشانەوەم لە پۆستەکەم رادەگەیێنم و دوای یارییەکەمان بەرامبەر یانەی هەڵۆ بە هەموو ئەندامانی یانەکە دەستلەکاردەکێشینەوە، تەنیا لەکاتێکدا نەبێت کە هاوکارییەکی زۆری یانەکە بکرێت و قەرزەکانی سەر یانەکە کەمبکرێنەوە.
سامان وڵاتژێری رووداوی ئەو منداڵەی چەمچەماڵی بەبیر رێبوار خدر، هێنایەوە کە پێشتر بە رووداوی گوتبوو 250 دینارم پێیە ئەویش دەدەمە یانەکە و پرسیاری ئەوەی لێکرد کە ئەوان ئەم بڕیارەی دەستلەکارکێشانەوە قبوڵدەکەن، لە وەڵامدا سەرۆکی یانەی چەمچەماڵ هەناسەیەکی قۆڵی هەڵکێشا گوتی، بەداخەوە کە ئەم بڕیارە دەدەین، بەڵام گەیشتووەتە قورگم و ناتوانم بەردەوامبم، چونکە ناکرێت قەرزاری هەموو دوکاندار و هاوڕێیەکم بم، بەراستی کە باسی ئەکەم هیچ حەیایەک بۆ وەرزش لە شارەکەدا نامێنێت، لەکاتێکدا ئەندام پەرلەمان، ئەنجوومەنی پارێزگا و بەرپرسی دیکە هەن و هاوکاری یانەکە ناکەن، بۆیە بە هاندەرانی یانەکە دەڵێم خەجاڵەتم کە ئەم بڕیارە دەدەم، بەڵام چارم ناچارە.
چەمچەماڵ ئێستا یەکێک لە پڕ جەماوەرترین یانەکانی کوردستانە، بەڵام قەیرانی تەنگی بەیانەکە هەڵچنیووە و 50 ملیۆن دینار قەرزارن، بەمشێوەیە کێشەکان خۆشیی ئەو یانەیە تێکدەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ