ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید لە دۆخێکی خراپدا میوانێکی رەزاقورسی دەبێت

20-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ریال مەدرید
ریال مەدرید
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای کرانە دەرەوەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یانەی ریال مەدرید دەگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی لالیگا و دەیەوێت درێژە بە رکابەریکردنی یانەی بارسێلۆنای پێشەنگ بدات.
 
دوای دۆڕانیان بەرامبەر یانەی ئارسیناڵ و ماڵئاواییکردنیان لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، کە 20 ساڵ بوو ئەوە رووینەدابوو، ئەمشەو جارێکی دیکە ریال مەدرید لە رکابەرییەکانی لالیگادا دەردەکەوێتەوە و میوانداریی یانەی ئاتلێتیک بیلباو دەکات و یارییەکە کاژێر 22:00 لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەچێت.
 
کیلیان ئێمباپێ بەشداریی لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا نەکرد و بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە بەشداری لە یارییەکەی ئەمشەودا ناکات، لەگەڵ ئەوەشدا شاهانەکان دەیانەوێت بەبردنەوەوە درێژە بە رکابەریکردنی بارسا بدەن.
 
جگە لەوەش کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدیش قسەی زۆری لەسەرە و ئەگەری هەیە لە کارەکەی دووربخرێتەوە، دۆڕان یان یەکسانبوون لە یارییەکەی ئەمشەویشدا رەخنەکان لەسەر ئەو راهێنەرە زیاتر دەکات.
 
بیلباو لەکاتێکدا بەرامبەر ریال مەدرید دەکات، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو خۆی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆپالیگ.
 
ریال مەدرید لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە و ئاتلێتیک بیلباو لە پلەی چوارەمی ریزبەندە، چاوەڕێی یارییەکی بەهێز دەکرێت لەنێوان هەردوو یانەدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە