10 یانە بۆ مۆندیال خەون بە کریستیانۆ رۆناڵدۆوە دەبینن

20-04-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ مۆندیالی یانەکان 2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانی ئاشکرای دەکات کە سەرۆکی فیفا دەیەوێت کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشداری لە مۆندیالی یانەکانی 2025 بکات. سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانیش باس لەوە دەکەن کە 10 یانەی جیهان خەون بەوەوە دەبینن رۆناڵدۆ لەو پاڵەوانێتییەدا بە درێسی ئەوانەوە یاری بکات.
 
رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی ئیسپانی فیلیکس دیاز، سەرنووسەری رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بەنێوبانگ، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ئاشکرایکرد کە جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا زۆر بەپەرۆشەوە ئارەزووی بینینی ئەفسانەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات لە جامی جیهانی یانەکاندا.
 
دیاز دووپاتیکردەوە کە خەونەکە هێشتا زیندووە، هەروەها هەوڵەکان لەپشت پەردەوە بەردەوامن بۆ ئەوەی ئەم دەرکەوتنە گەورەیە بۆ ئەستێرە جیهانییەکە لەسەر گۆڕەپانی یانە نێودەوڵەتییەکان مسۆگەر بکەن.
 
گومانی تێدا نییە کە بوونی یاریزانێک بەقەبارە و باڵای کریستیانۆ رۆناڵدۆ، گۆڵکاری هەموو سەردەمەکانی تۆپی پێ، لە پاڵەوانێتیەکی جیهانی وەک جامی جیهانی یانەکاندا رەهەندێکی بێ وێنەی بازاڕکردن و تەکنیکی و بەشداریکردنی هاندەران زیاد دەکات.
 
ئەم خەونە تەنیا تایبەت نییە بە سەرۆکی فیفا یان هاندەران، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ زۆر لە یانە گەورەکانی جیهان، کە تامەزرۆی بەشداریکردنێکی بەهێزن لە چاپەکانی داهاتووی پاڵەوانێتییەکەدا و تامەزرۆی ئەوەن دۆن لە ریزەکانیاندا بێت بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر نازناوەکە بکەن.
 
بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان، ئێستا 10 یانەی بەشدار لە مۆندیالی یانەکان خەون بەوە دەبینن کریستیانۆ رۆناڵدۆ تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت بەدرێسی ئەوانەوە بەشداری لەو پاڵەوانێتییە گەورەیەدا بکات.
 
ئەم یانانە نوێنەرایەتی کیشوەرە جیاوازەکان دەکەن، مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە و پێگەیەکی بەرفراوانی هاندەرانیان هەیە؛ ئەوانە دەیانەوێت خەونی هاندەران بە بینینی رۆناڵدۆ بە درێسی یانەکانیان بکەنە راستی. کە ئەمانەن:-
 
ئەهلی میسری
 
یانەی ئەهلی میسری یانەیەکی زەبەلاحی ئەفریقایە و بەنێوبانگترین یانەی کیشوەرەکەیە و بەنزیکەیی بەردەوام بەشداربووی مۆندیالی یانەکانە. هاندەران و مێژووی هاندەرانی ئەهلی خەونی هێنانی ئەستێرەیەکی جیهانی وەک رۆناڵدۆ بۆ پاڵەوانێتییەکە دەکاتە ئەگەرێکی راستەقینە لە خەیاڵی هاندەراندا.
 
 
ویدادی مەغریبی
 
یەکێکە لە دیارترین یانەکانی ئەفریقا لە ساڵانی رابردوودا؛ ئەمەش وای لێدەکات بەربژێرێکی بەهێز بێت بۆ ئەوەی لە مۆندیالدا بەشداری بکات. زیادکردنی ئەستێرەیەکی جیهانی وەک رۆناڵدۆ دەبێتە هۆی هاندانێکی گەورە بۆ تیپەکە و تۆپی پێی مەغریبی لە گۆڕەپانی جیهانیدا.
 
یوڤێنتوس
 
یانە ئەوروپییەکەی پێشووی کە یەکێکە لە زەبەلاحەکانی ئیتاڵیا و ئەورووپا، بەشداری لە  پاڵەوانێتییەکەدا دەکات. گەڕانەوەی رۆناڵدۆ بۆ یانەیەک کە باش دەیناسێت، بۆ چالێنجێکی جیهانی، جێگەی سەرنجی هەمووان دەبێت.
 
بایرن میونشن 
 
یەکێکە لە یانە بەهێزەکانی ئەورووپا و جیهان، پێشتریش سەرکەوتوو بووە لە بردنەوەی جامی جیهانی یانەکان، بایرن خاوەنی تیپێکی تۆپی پێی بەهێزە، زیادکردنی رۆناڵدۆش وا دەکات تیپەکە بۆ هەر رکابەرێک ترسناک بێت.
 
پاریس سانجێرمان 
 
تیپێکی پێگەیشتووە لە ئەورووپا و یەکێکە لەو یانانەی کە سەرکەوتووە بۆ مۆندیالی یانەکان بە سیستمە نوێیەکە، ئەوان لە راکێشانی ئەستێرە سەرەکییەکان سەرکەوتوون. خەیاڵکردنی پێکهاتەیەکی هێرشبەری کە رۆناڵدۆ و ئەستێرەکانی پاریس سانجێرمان تێیدا بەشداربن، خەونێکە بۆ هەر راهێنەرێک.
 
فلامینگۆی بەرازیلی
 
زەبەلاحی تۆپی پێی بەرازیل و ئەمریکای لاتین، براوەی پێشووی جامی لیبرتادۆرێس و بەربژێری هەمیشەیی مۆندیالی یانەکانە، خولیای هاندەرانی فلامینگۆ بۆ تۆپی پێ بێهاوتایە، لەبەرکردنی درێسی یانەکەیان لەلایەن رۆناڵدۆوە رووداوێکی لەبیرنەکراو دەبێت.
 
ریڤەر پلەیتی ئەرجەنتینی
 
یەکێکە لە گەورەترین و بەنێوبانگترین یانەکانی ئەمریکای باشوور، براوەی جامی لیبرتادۆرێس و بەشداربووی پێشووی مۆندیالە، بوونی ئایکۆنێکی جیهانی وەک رۆناڵدۆ لە ریزەکانی ریڤەر پلەیتدا رەهەندێکی مێژوویی بۆ بەشداریکردنیان زیاد دەکات.
 
ئەمریکای مەکسیکی 
 
بەنێوبانگترین و گەورەترین یانەی مەکسیکە و یەکێکە لە نوێنەرانی کۆنکاکاف لە مۆندیالدا. گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرەیەک لە ئاستی رۆناڵدۆدا، پێگەی یانەکە و تۆپی پێی مەکسیکی لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکەدا بەهێزتر دەکات.
 
ئوراوای ژاپۆنی 
 
یەکێکە لە یانە دیارەکانی ئاسیا، چەندجارێک وەک پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا نوێنەرایەتی کیشوەرەکەی کردووە لە مۆندیالدا، زیادکردنی رۆناڵدۆ بۆ ریزەکانی دەبێتە هۆی هێزێکی گەورەتر بە تیپەکە دەبەخشێت بۆ رکابەریکردن.
 
ئولسان هیوندای کۆریای باشوور
 
براوەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، کە سەرکەوتنی بۆ جامی جیهانی مسۆگەرکرد. تۆپی پێی کۆریا بەهێزی جەستەیی و رێکخستن ناسراوە و خەیاڵکردنی رۆناڵدۆ لە سەرکردایەتی هیڵی هێرشبردنی تیپێکی کۆریا لە مۆندیالدا سیناریۆیەکی سەرنجڕاکێشە.
 
خەونی بینینی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە جامی جیهانی یانەکاندا، بە پۆشینی درێسی یەکێک لەو یانە زەبەلاحانە یان هەر یەکێک لە یانەکانی دیکەی بەشداربوو، وەک چیرۆکێک دەمێنێتەوە کە هەستەکان دەورووژێنێت.
 
لەدونیای تۆپی پێدا هیچ شتێک مەحاڵ نییە، بەتایبەتی کاتێک باس لە یەکێک لە گەورەترین یاریزانەکانی مێژوو دەکرێت. پاڵەوانێتییەکەش جیهانییە و هەمیشە هەوڵدەدات باشترینی خۆی  پێشکەش بکات و ئەستێرە گەورەکان بۆ خۆی رابکێشێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە