تایبەت بە رووداو.. لە خولی عێراق ڤار بەکاردەهێنرێت

14-03-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ڤار
ڤار
نیشانەکردن ڤار خولی عێراق
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ رێگریکردن لە هەڵەکانی ناوبژیوانان، لە وەرزی داهاتووی خولی عێراقدا سیستمی ڤار بەکاردەهێنن.

شامل کامل، جێگری سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی وەرزش لە رووداو، ناڕەزایەتیی خۆی لەبارەی دەستکاریکردن لە خشتەی یارییەکانی پاڵاوتنە هاوبەشەکانی کیشوەری ئاسیا، بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر و جامی ئاسیای 2023 لە چین پێشاندا و داوا دەکات بە هەمان خشتەی پێشوو یارییەکان بکرێن.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بڕیارییداوە، یارییەکانی کۆمەڵەی سێیەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر و جامی ئاسیای 2023 لە بەحرەین بەشێوەی گردبوونەوە بکرێن، لەگەڵ ئەم بڕیارەش دەستکاریی خشتەی یارییەکان کراوە.

یاریی داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆنک کۆنگ بوو، بەڵام بەپێی بڕیاری نوێی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، یاریی کەمبۆدیا پێشخراوە و دەبێت عێراق بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە یاریی بکات.

کامل بە رووداوی گوت " ناڕەزایەتی خۆمان گەیاندووەتە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی ئێمەیان نەداوەتەوە، لەکاتێکدا ئەو گۆڕانکارییەی کراوە بۆ ئێمە چاوەڕواننەکراوبوو، چونکە راهێنەر دەیەویست یەکەمجار لەگەڵ هۆنگ کۆنگ یاریی بکات، بۆ ئەوەش چاوەڕێی وەڵامی فیدراسیۆنەکە دەکەین و گۆڕانکارییکردن لە خشتەکەدا لە دوایین ساتەکاندا، ئێمەی تووشی شۆککردووە".

جێگری سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەڵێت " ئێمە دەمانەوێت بەرامبەر هۆنک کۆنگ یاریی بکەین، چونکە ئەو یارییە بۆ ئێمە زۆر گرنگ دەبێت و بردنەوەی ئەو یارییە هاوکاریی زۆرمان دەکات بۆ یارییەکان دیکە".

لە وەڵامی پرسیارێکی سامان وڵاتژێریدا کە بۆچی عێراق رکابەریی لەسەر میوانداریکردنی پاڵاوتنەکان نەکرد؟ شامل کامل گوتی " ئێمە گفتوگۆمان لەبارەی ئەمەوە کرد، هەندێک وڵات هەن رەخنە لە یارییکردن دەگرن لە عێراق، بۆیە ئێمە بەحرەینمان بەلاوە باشتربوو بۆ ئەوەی یارییەکانی لێبکرێت، ئەمەش بۆ ئێمە گرنگە و سەرکەوتووبووین لەوەی کە یارییەکان لە بەحرەین بکرێن، لەبارەی عێراقیش، ئامادەکاری زۆری پێویستە بتوانیت میوانداری چوار هەڵبژاردە بکەیت".

لەبارەی کێشەکانی خولی عێراق و ئەو رەخنانەی لەبارەی ئاستی ناوبژیوانان لە خولەکەدا هەن، شامل کامل گوتی " بابەتی ناوبژیوانان و کێشەکانیان لە هەموو جیهان هەن، ناوبژیوانانیش مرۆڤن و وەک یاریزانان وان، سەبارەت بە جیهان ڤار بەکاردەهێنرێت و هەڵەکان کەمکراون، ئێمەش داوامان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان کردووە بۆ ئەوەی ڤار بەکاربهێنین، بەدڵنیایەوە داوامان لە فیفا کردووە بۆ ئەوەی ڤار بەکاربهێنین و رەزامەندیمان وەرگرتووە، بەڵام ئەوەش دەزانین کە بەکارهێنانی ڤار لە رووی تەکنیکییەوە ئامادەکاریی زۆری دەوێت تاوەکو بەکاریدەهێنین، لەبارەی ناوبژیوانەکانیش دەستەیەکمان هەیە کە سەرپەرشتی ناوبژیوانان دەکات و خولی زۆریش کراونەتەوە بۆ ئەوەی توانای ناوبژیوانان بەرەوپێشە ببرێت، بەڵام پێویستە یاریزانان و یانەکانیش هاوکارمان بن لە پاڵپشتیکردنی ناوبژیوانان لە هەموو یارییەکانی دیکەشدا، بەتایبەت کە عێراق خاوەنی ناوبژیوانی زۆر باشە و گەشبینم بە چارەسەرکردنی کێشەکان".

یانەی زاخۆ لەسەر ئەنجامی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی شورتە و ئەو رووداوانەی لە یارییەکەدا روویاندان سکاڵای تۆمارکردبوو، کامل لەو بارەیەوە گوتی " زانیاریی تەواوم لەوبارەیەوە نییە، راستە سکاڵا هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکارەکان تەواونەبوون و چاوەڕێی لیژنەکە دەکەین بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدرێت، ڤیدیۆ هەیە و لیژنەی پسپۆر هەیە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکات و بڕیاری گونجاو بدرێت، ئەگەر یانەی زاخۆ لەسەر حەق بێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە