ئێمباپێ هاندەرانی ریال مەدرید بێهیوا دەکات

13-04-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی پاریس سانجێرمان پەیامێکی ناراستەوخۆی ئاراستەی هاندەرانی یانەی ریال مەدرید کرد و دەڵێت "دەمەوێت چامپیۆنزلیگ ببەمەوە."
 
ئەستێرە فەرەنسییەکە بەشداریی لە چالاکییەکی ناساندنی وەرزش بە منداڵان کرد کە ژمارەیەکی زۆری منداڵ تێیدا بەشداربوون، دوای ئەوەش قسەیکرد و گوتی "هەنگاوی داهاتوومان بۆ بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەبێت، کە لە راستیدا ئەوە ئەو نازناوەیە کە من دەمەوێت."
 
کیلیان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "ئێمە هەموو شتێکمان کرد، تەنیا ئەوەیە نازناوەکەمان نەبردووەتەوە، لە 2020 گەیشتینە یاریی کۆتایی، لە 2021 گەیشتینە پێشکۆتایی و لە بۆنەکانی دیکەشدا گەیشتینە قۆناخی شازدە، بەڵام نازناوەکەمان نەبردووەتەوە."
 
ئەستێرەی پاریس سانجێرمان لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە لە کوێ دەیەوێت چامپیۆنزلیگ بباتەوە؟ گوتی "لە پاریس سانجێرمان، من یاریزانی پاریس سانجێرمانم و پابەندم بە گرێبەستەکەمەوە."
 
یاریزانە فەرەنسییەکە تەمەنی 24 ساڵە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت، بەم قسانەی هاندەرانی ریال مەدرید نیگەران دەکات، لە کاتێکدا دوای کرانە دەرەوەی پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگ جارێکی دیکە ناوی ئێمباپێ بە یانەکەوە بەسترابووەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە