هەشت یاریزانی کورد بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کراون

12-09-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق یاریزانانی کورد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رازی شنێشل، راهێنەری هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق، بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی دۆستانەی ئوردن، هەشت یاریزانی کوردی بانگهێشتکردووە.
 
یارییەکانی پاڵەوانێتییە دۆستانەکەی ئوردن لەنێوان 23 تاوەکو 27ـی ئەم مانگە لە عەمانی پایتەخت بەڕێوەدەچن، هەڵبژاردەی عێراقیش خۆی بۆ یارییەکانی ئامادەدەکات.
 
پێشتر رازی شنێشل، هەریەکە لە کاردی سەدیق، یاریزانی کوردی یانەی کریستال پاڵاس، مێرخاس دۆسکی، یاریزانی یانەی سلۆڤاکۆی چیکی، ئالای فازل، یاریزانی یۆتۆبۆریی سوێدی، هیران ئەحمەد، یاریزانی یانەی سونی سویسری، شێرکۆ کەریم، یاریزانی یانەی کوێتی کوێتی و ئاسۆ رۆستەم، یاریزانی یانەی سالمیەی کوێتیی بانگهێشتکردبوو.
 
رۆژی یەکشەممە، دلۆڤان مەهدی، گۆڵپارێزی کوردی یانەی تەڵەبەش بانگهێشتی هەڵبژاردەکە کرا، ئەمڕۆ دووشەممەش لەسەر داوای راهێنەری هەڵبژاردەکە، رێوان ئەمین، یاریزانی کوردی یانەی دالکورد بانگهێشتکرا و بڕیارە بەر لە 20ـی ئەم مانگە یاریزانەکە پەیوەندی بە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراقەوە بکات، کە یەکەمجارە بەدرێسی عێراقەوە یاریی بکات.
 
رێوان پێشتر لە یانەی هێرنڤینی هۆڵەندی، ئۆسترشندی سوێدی یارییکردووە و ئێستا یاریزانی یانەی دالکورد.
 
جگە لەمەش یاریی بۆ هەردوو هەڵبژاردەی خوار تەمەنی 15 ساڵ و خوار 17 ساڵانی هۆڵەندا کردووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە