رۆناڵدۆ دەچێتە خولی سعودی؟ گەورەترین بەرپرسی تۆپی پێی وڵاتەکە وەڵام دەداتەوە

12-09-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە باس لە گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی مانچێستەر یونایتد بۆ یەکێک لە یانەکانی خولی وڵاتەکەی دەکات.
 
یاسر ئەلمسحل، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، بۆ رۆژنامەی زە ئاتلێتیکی بەریتانی قسەیکردووە و دەڵێت " هیواخوازم رۆژێک لە رۆژان کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یانەیەکی سعودی ببینم."
 
سەرۆکی فیدراسیۆنەکە لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی رۆناڵدۆ رۆژێک لە رۆژان دەچێتە خولی سعودیە؟ گوتی " هیوادارم ببینین یاریزانێکی وەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە خولی سعودیە یاری بکات، ئەمەش کاردانەوەی ئەرێنی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دەبێتە هەواڵێکی زۆر خۆش بۆ هەمووان، دڵنیام هەمووان دەستکەوتەکانی رۆناڵدۆ دەزانن و ئەو وەک یاریزانێک و کەسێک نموونەیەکی گەورەیە."
 
یاسر زیاتر قسەیکرد و گوتی " بۆچی نا؟ دڵنیام ئەگەر ئەو گرێبەستە بکرێت، گرێبەستێکی گرانبەها دەبێت، یانەکانمان لە دوو ساڵی رابردوودا داهاتێکی زۆریان هەبووە و پێشتر یاریزانی گەورەمان بینیوە کە لە پرێمەرلیگدا یارییانکردووە و پاشان هاتوونەتە خولی سعودیە."
 
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە زیاتر گوتی " من کریستیانۆ رۆناڵدۆم وەک یاریزان خۆشدەوێت و دەمەوێت رۆژێک لە رۆژان لە سعودیە یاری بکات."
 
رۆژنامەکە پرسیاری لە یاسر ئەلمسحل کردووە، دەکرێت ئەم گواستنەوەیە لە زستاندا بێت؟ ئەو لە وەڵامدا دەڵێت " ناتوانم بە روونی وەڵامت بدەمەوە، ئەگەر سەرۆکی یانەیەک بوومایە وەڵامم دەدایەوە، بەڵام هاوکارەکانم لە یانەکاندا پێویست ناکات گفتوگۆکانیان لەگەڵ من بەشبکەن."
 
بەرپرسی یەکەمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە هێشتا قسەیکرد و گوتی " گرێبەستکردنی رۆناڵدۆ بۆ یانەیەکی سعودی یان یانەیەکی دیکەش ئاسان نییە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەو یان هەندێک یاریزانی دیکەی گەورە ببینین."
 
دەیڤد ئۆرێنستن، رۆژنامەڤانی بەریتانی دەڵێت " لە گواستنەوەی هاوینەدا تاکە یانە کە دەستەوارەی فەرمیی بۆ رۆناڵدۆ ناردووە، یانەی هیلالی سعودی بووە، بەڵام دەستەوارەکە رەتکراوەتەوە."
 
بەدرێژایی ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان ناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەچەند یانەیەکی جیاوازەوە بەسترابووەوە، بەڵام دواجار دۆن لە مانچێستەر یونایتد مایەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا لە یۆرۆپالیگدا یارییکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە