تێباس: باشترین یاریزانی مێژوو شایەنی ئەوە نییە بەو شێوەیە لە بارسا بڕوات

12-09-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی خاڤێر تێباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خاڤێر تێباس، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگا، رایگەیاند "گوناحە باشترین یاریزانی مێژوو بەو شێوەیە لە بارسێلۆنا و لە لالیگا بڕوات".

سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگا، هێرشێکی تووندی کردە سەر فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا و گوتی "فلۆرێنتینۆ بارسێلۆنای دیل کردووە".

ئەو زیاتر باسی بارسا و ریال مەدریدی کرد و گوتی "بارسێلۆنا ماوەی مانگێکی تەواو بوو بە پڕۆژەی سی ڤی سی رازی بووبوو، بەر لەوەی ریال مەدرید ئەو رێککەوتنە رەتبکاتەوە، ئیدی بارساش چاوی لەو کرد".

سەرۆکی لالیگا روونیکردەوە کە ئەو پڕۆژەیەی سی ڤی سی زیاتر لە 2 ملیار یۆرۆ بە لالیگا دەبەخشێت، لە بەرامبەر سوود وەرگرتن لە رێژەیەک لە مافی یارییەکانی خولەکە، بۆ ماوەی 50 ساڵ. 

تێباس دەڵێت "ئەم پڕۆژەیە یارمەتی بارسای دەدا ئەفسانە ئەرجەنتینییەکەی بهێڵێتەوە، بەڵام ئەو یانەیە دواجار پڕۆژەکەی رەتکردەوە، کە ریال مەدرید و ئاتلێتیک بیلباویش رەتیانکردووەتەوە".

سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگا، بە جۆرێک لە نیگەرانییەوە، باسی رۆیشتنی مێسی لە بارسێلۆنا و لە لالیگا کرد و گوتی "چەندین ناوی وەک رۆناڵدۆ، گواردیۆلا و مۆرینیۆ لە لالیگا رۆیشتن، لە خۆشبەختی خۆمان ئێمە خاوەنی دوو باشترین یاریزانی جیهان بووین، هەروەها دوو باشترین یانەی جیهانیش، بۆیە توانیمان ئەوە بقۆزینەوە بۆ ئەوەی لە پێشەنگی جیهان بین".

ئەو زیاتر باسی رۆیشتنی لیۆنێل مێسی کرد و گوتی "رۆیشتنی مێسی لە هەمووان زیاتر ئازاری دام، چونکە من پێموایە ئەو باشترین یاریزانی مێژووە، ئەو شایەنی ئەوە نەبوو بەو شێوەیە بڕوات، نەک تەنیا لە بارسێلۆنا، بەڵکو لە لالیگاش".

خاڤێر تێباس دووپاتیشیکردەوە کە رۆیشتنی مێسی لە بارسێلۆنا بە هیچ شێوەیەک لەبەر هۆکاری دارایی نەبووە و گوتی "دەیانتوانی رێگە لە رۆیشتنی لیۆ بگرن".

لیۆنێل مێسی، لە دوا رۆژەکانی مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە بارسێلۆنا رۆیشت و پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمانەوە کرد، کە یانەی کەتەلۆنی بەوە پاساوی هێنایەوە، کە بەهۆی زۆری قەرزەکانی سەر یانەکە و لە ترسی یاسای یاریی دارایی خاوێن نەیدەتوانی گرێبەستی ئەفسانەی ئەرجەنتینی نوێ بکاتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە