رووداو دیجیتاڵ
لە دۆسیەیەکی مشتومڕاویدا، و لە بڕیارێکی سەیر و سەمەڕەی ئۆڵیمپیدا، خانمە وەرزشوانی ئەمریکی، جۆردان چیلێس میدالیای برۆنزی لێسەندرایەوە، دوای ئەوەی بەر لە هەفتەیەک میدالیاکەی بەدەستهێنابوو.
چیلیز کە بەر لە هەفتەیەک لە پێشبڕکێی جومناستیکی سەر زەویدا میدالیاکەی بەدەستهێنابوو، دەبێت میدالیاکە بگەڕێنێتەوە، دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی وەرزشی بڕیارەکەی ناوبژیوانی هەڵوەشاندەوە کە وایلێکرد لە پلەی پێنجەمەوە بچێتە پلەی سێیەم.
بەرپرسانی ئۆڵیمپی ئەمریکا دەڵێن تانە لە بڕیارەکەی دادگا دەدەن.
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکانی جومناستیکی سەر زەوی، چیلیس پلەی پێنجەمی ریزبەندییەکەی بەدەستهێنا، بەڵام سیسیل لاندی راهێنەری ئەمریکی داوای لە ناوبژیوانان کرد پێداچوونەوە بکەنەوە، و لە ئەنجامدا 0.1 خاڵ بۆ چیلیس زیادکرا، ئەمەش بەس بوو بۆ ئەوەی بچێتە پلەی سێیەم.
ئەم بڕیارە ئانا باربوسۆی رۆمانی لە پۆدیۆم دابەزاند و لە میدالیای برۆنزی بێبەش کرد.
چەند رۆژێک دوای ئەوەی ئەو خانمە ئەمریکییە میدالیاکەی بردەوە، و رکابەرە رۆمانییەکەی گریا، دادگای ناوبژیوانی وەرزشی بڕیاریدا کە داواکاریی راهێنەری ئەمریکی بۆ پێداچوونەوە بە ئەنجامەکە لە دەرەوەی ئەو ماوەیەیە کە رێگە بە تانەلێدان دەدات، کە تەنیا یەک خولەکە.
دادگای وەرزشی لە بڕیارەکەیدا نووسیویەتی "دەبێت ریزبەندیی سەرەتایی پێشبڕکێکە بگەڕێندرێتەوە"، ئەمەش مانای وایە باربوسۆی رۆمانی لە شوێنی چیلیس لە پلەی سێیەمدا دەبێت.
سابرینا مانیکا فۆینهای دەبێتە چوارەم و پلەی پێنجەمیش بۆ چیلیس دەبێت.
داوا لە کچە وەرزشوانە ئەمریکییەکە دەکرێت میدالیای برۆنزی بگەڕێنێتەوە بۆ لیژنەی ئۆڵیمپی، بۆ ئەوەی بتوانرێت ببەخشرێتە باربۆسۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ