رۆجێر فێدێرێر ناوی لە ریزبەندیی باشترین تێنسزانانی جیهان دەرکرا

12-07-2022
ئیحسان تاهیر
رۆجێر فێدێرێر و نۆڤاک جۆکۆڤیچ
رۆجێر فێدێرێر و نۆڤاک جۆکۆڤیچ
نیشانەکردن رۆجێر فێدێرێر نۆڤاک جۆکۆڤیچ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رۆجێر فێدێرێر، تێنسزانی سویسری، دوای 25 ساڵ، بۆ یەکەمجار ناوی لە ریزبەندیی دەستەی یاریزانە پیشەگەرەکانی تێنس بۆ باشترین تێنسزانانی جیهان دەرکرا.
 
هەروەها نۆڤاک جۆکۆڤیچی تێنسزانی سربیش چوار پلە دابەزی و چووە پلەی حەوتەمی ریزبەندیی باشترین تێنسزانانی جیهان، سەرەڕای بردنەوەی حەوتەمین نازناوی پاڵەوانێتی کراوەی تێنسی وێمبیڵدن، کە بووە خاوەنی 21 نازناوی گراند سلام.
 
فێدێرێر هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك ناوی له‌ ریزبه‌ندیی باشترینەکانی جیهاندا بووه‌ له‌و كاته‌وەی له‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵیدا له‌ مانگی ئه‌یلوولی 1997 ده‌ستی به‌ كاروانی پیشەگەریی خۆی كردووه‌، كە سەرەتا له‌ پله‌ی 803 بووه‌ و دواتە بووەتە خاوەنی ریکۆردی زۆرترین مانەوە لە پێشەنگی ریزبەندیی، بەرلەوەی جۆكۆڤیچ ریكۆرده‌كه‌ی بشكێنێت.
 
فێدرێر پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتی کراوەی تێنسی وێمبیڵدن لە پلەی 97ـی ریزبەندی بوو، بەڵام ژمارەی خاڵەکانی بۆ سفر دابەزی، چونکە پۆلێنکردنی یاریزانەکان بەندە بە ئەنجامی ئەو یاریزانانەی کە لە 52 هەفتەی رابردوودا یارییان کردووە، بەڵام تێنسزانی سویسری لەو ماوەیە زیاتر لە یاریکردن دابڕاوە بەهۆی پێکانەوە.
 
سەبارەت بە جۆکۆڤیچ و دابەزینی بۆ پلەی حەوتەمی ریزبەندی، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری دەستەی یاریزانە پیشەگەرەکانی تێنس، کە رازی نەبوو خاڵەکانی پاڵەوانێتی کراوەی تێنسی وێمبیڵدنی ئەمساڵ بۆ پۆلێنکردنەکەی هەژماربکات، بەهۆی بێبەشکردنی تێنسزانانی رووسیا و بیلاڕووس لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکەدا.
 
لەسەر ئاستی پیاوان، دەیڤید مێدڤێدیڤی تێنسزانی رووسی لە پێشەنگی ریزبەندیی ماوەتەوە و ئیگا شڤیاتیکی خانمە تێنسزانی پۆڵەندیش لە پێشەنگی ریزبەندیی خانماندایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە