خامیس دوای 17 ساڵ گرێکوێرەی کۆڵۆمبیای بەرامبەر پاڵەوانی جیهان کردەوە

11-09-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2026
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خامیس رۆدریگێزی ئەستێرەی کۆڵۆمبی، پێشەوایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەرجەنتینی پاڵەوانی جیهان بە 2 - 1 گۆڵ، لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بەمۆندیالی 2026ی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا.
 
یارییەکە لە گەڕی هەشتەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەرەکەدا بەڕێوەچوو.
 
یاریگەی 'میترۆپۆلیتانۆ رۆبرتۆ میلیندێز' لە بارانکیای کۆڵۆمبیا هەردوو هەڵبژاردەی کۆکردەوە. خامیس ئەستێرەی یەکەمی یارییەکە بوو کاتێک لە خولەکی 25دا گۆڵی یەکەمی هەڵبژاردەکەی دروستکرد و یرسۆن مۆسکێرای بەرگریکەر تۆماریکرد.
 
خامیسی ئەستێرەی یەکەمی یارییەکە لە خولەکی 60دا لێدانێکی سزای بۆ کۆڵۆمبیا تۆمارکرد. تاکە گۆڵی ئەرجەنتین لە خولەکی 48دا لە رێگەی نیکۆلاس گۆنزالێسەوە تۆمارکرا.
 
ئەمە یەکەمین بردنەوەی کۆڵۆمبیایە لە ئەرجەنتین لەسەر خاکی خۆی پاش زیاتر لە 17 ساڵ چاوەڕوانی. دوایین سەرکەوتنی کۆڵۆمبیا بەسەر ئەرجەنتیندا لەیاریگەی خۆیدا لە 20ی یانزەی ساڵی 2007 بوو بەئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، لە میانی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بەمۆندیالی 2010ی باشووری ئەفریقیا.
 
بردنەوەکە، هەروەها تۆڵەی کۆڵۆمبییەکان بوو لە شکستی یاریی کۆتایی کۆپا ئەمێریکا کە بەرلە نزیکەی دوو مانگ لەسەر خاکی ئەمریکا بەرامبەر مێسی و هاوڕێکانی، نازناوە کیشوەرییەکەیان لەدەستدا.
 
کۆڵۆمبیا بەم بردنەوەیە هاتە پلەی دووەمی ریزبەندی گشتیی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی داهاتوو و دوای ئەنجامدانی هەشت یاریی، 16 خاڵی کۆکردووەتەوە، لە کاتێکدا ئەرجەنتین لە پێشەنگی ریزبەندی پاڵاوتنەکان مایەوە بەکۆکردنەوەی 18 خاڵ.
 
شکستەکەی ئەرجەنتین، دووەم شکستی هەڵبژاردەکەیە لە پاڵاوتنەکاندا، پاشئەوەی لە گەڕی پێنجەمی پاڵاوتنەکان، لەسەر یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە ئۆرۆگوای دۆڕا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە