کوژرانی خانمەیاریزانێک، ئەرجەنتین دەهەژێنێت

11-04-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
خانمەیاریزانێکی ئەرجەنتینی بە خنکێندراوی لە ماڵەکەی خۆیدا دەدۆزرێتەوە
 
فلۆرێنسیا گوینازۆ، یاریزانی یانەی ئەرجەنتینۆ دێ مێندۆزا بە خنکێندراوی لە ماڵەکەیدا دەدۆزرێتەوە و بە پێی دوایین هەواڵەکان، ئیگانسیۆ ئاگوستین نۆتۆی هاوسەری قوربانییەکە ئەنجامدەری تاوانەکەیە، کە دوای ئەوەی هێرش دەکاتە سەر یاریزانەکە و لێیدەدات، بەپەتێک دەیخنکێنێت. 
 
دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، نۆتۆ پارچە کاخەزێک لەسەر پەنجەرەی ژوورەکەیان دادەنێت و لەسەری دەنووسێت "پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکەن. منداڵەکان بەتەنیان." دواتریش بەپەتێک خۆی هەڵدەواسێت و خۆیشی دەخنکێنێت. بەپێی میدیاکان، لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکە، هەردوو منداڵەکەیان لە ژوورێکی دیکەی ماڵەکەدا بوونە و خەریکی یاریی پلەیستەیشن بوونە. 
 
لای خۆیەوە یانەی ئەرجەنتینۆ دێ مێندۆزا لە راگەیێنراوێکدا هاوخەمی خۆی لەبارەی رووداوەکە دەردەبڕێت و دەڵێت "ئێمە زۆر خەمبارین لەبارەی کوژرانی فلۆرێنسیا گوینازۆی یاریزانمان. زۆر ووردەکاری رووداوەکە هێشتا نەزانراون، بەڵام ئەوەی دەیزانین ئەوەیە کە تۆپی پێی خانمان لە ماتەمینیدایە، خانمێکی دیکە لەسەر دەستی هاوسەرەکەی کوژرا. لە کوشتنمان بوەستن!'

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە