دیاز دەیویست یاری بۆ ئیسپانیا بکات، بەڵام..

11-03-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
براهیم دیاز، هێرشبەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، هەڵبژاردەی مەغریبی لەبری ئیسپانیا هەڵبژارد و بڕیاریدا یاری بۆ ئەو هەڵبژاردەیە بکات.
 
دیازی تەمەن 24 ساڵ، لە شاری مەلەگە لە ئیسپانیا لەدایکبووە، باوکی یاریزانەکە خەڵکی مەغریبە و دایکی ئیسپانییە. ئەستێرەکەی ریال مەدرید لە چەندین ئاستی جیاوازی لاواندا نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیسپانیای کردووە و تەنانەت یارییەکیشی لەگەڵ تیپی یەکەمی ئەو هەڵبژاردەیەدا ئەنجامداوە، بەڵام لە کۆتاییدا مەغریب یاریزانەکەی رازیکرد هەڵبژاردەکەی بگۆڕێت. 
 
چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە دیازەوە رایانگەیاند، نائومێدی و سەرسامییەکی زۆر لە بەرامبەر خەمساردیی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیادا هەیە، کە گوایە هەوڵی پێویستیان بۆ رازیکردنی یاریزانەکە نەداوە. ئەوەی دۆخەکە خراپتر دەکات ئەوەیە کە بەپێی هەواڵەکان، لە رابردوودا فێدراسیۆنی ئەو وڵاتە بەشێوازێکی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ بار و دۆخی لەم شێوەیەدا کردووە، یەکێک لە نموونەکان ئەوەیە کە لە رابردوودا ئەو فێدراسیۆنە چەندین بەرپرسی پلەباڵای ناردووتە لای لامین یامالی یاریزانی بارسێلۆنا، کە ئەویش دەیتوانی نوێنەرایەتی مەغریب بکات، لە پێناو ئەوەی رازیبکەن یاری بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بکات، ئەوەبوو لە کۆتاییدا هێرشبەرەکەی بارسا بە داواکەیان رازیبوو و هەڵبژاردەی لارۆخای هەڵبژارد. 
 
لەبارەی هەڵبژاردنی مەغریب لەبری ئیسپانیا، لویس دێ لا فوێنتێی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەڵێت "هەموو کەسێک ئازادە لە بڕیاردان. بۆ من، سێ پێداویستی هەیە کە دەبێت تێتدا بەرجەستە بێت بۆ ئەوەی بانگهێشتی هەڵبژاردەی نیشتیمانی بکرێیت، یەکەم ئەوەیە کە دەبێت رێگەپێدراو بیت یاری بۆ هەڵبژاردەکەمان بکەیت، دووەم دەبێت ئارەزووی یاریکردنت بۆ هەڵبژاردەکە هەبێت، سێیەم ئەوەیە کە راهێنەر هەڵتبژێرێت."
 
راهێنەرەکەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا زیاتر دەڵێت "قسەم لەگەڵ دیازدا نەکردووە. بڕیاری بانگهێشتکردنی یاریزانان لەدەستی منە، ئەوانیش ئەوە دەکەن کە لەسەریان پێویستە بیکەن. من ماوەیەکی زۆر لەگەڵ دیازدا کارم کردووە و رێزێکی زۆرم بۆی هەیە."
 
بەپێی هەواڵەکان، دیاز حەزی کردووە یاری بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بکات. ئەو یاریزانە تەنانەت یارییەکیشی لەگەڵ لارۆخا لە بەرامبەر هەڵبژاردەی لیتوانیا ئەنجامداوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یارییەکە دۆستانەبوو، یاریزانەکە بژاردەی گۆڕینی هەڵبژاردەکەی لەدەستنەدا. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە، کە هەڵبژاردەی مەغریب لای خۆیەوە ماوەیەکی زۆرە هەوڵی رازیکردنی دیاز دەدات بۆ ئەوەی یاریی بۆ بکات. بەپێی هەواڵەکان، وەلید رگراگیی راهێنەری مەغریب رۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە لە رازیکردنی یاریزانەکە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی هەڵبژاردەکەی بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە