لووتکەی کوردستان لە خولی عێراق بە ئەنجامێکی سپی کۆتاییهات

11-02-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن زاخۆ یانەی هەولێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریی لووتکەی خولی یانە نایابەکانی عێراق، لەنێوان هەردوو یانەی زاخۆ و هەولێر بەیەکسانبوون کۆتاییهات.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 16ـی خولی عێراق، یانەی زاخۆ بە ئامادەبوونی هەزاران هاندەر میوانداریی یانەی هەولێری کرد، بەر لە یارییەکە یاریزانانی هەردوولا خولەکێک بۆ گیانی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان وەستان، پاشان یارییەکە دەستیپێکرد.
 
لە نیوەی یەکەمدا هەردوولا هەوڵی زۆریاندا بۆ ئەوەی گۆڵ تۆماربکەن، هەولێر زیاتر هێرشی دەبرد و زاخۆش ناوەوە خۆی لە گۆڵی میوانەکەی نزیککردەوە، بەڵام یاریزانانی هەردوولا لە هەژاندنی تۆڕدا سەرکەوتوو نەبوون و نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا هەردوولا بە ئامانجی تۆمارکردنی گۆڵ و گۆڕینی ئەنجامی یارییەکە گەڕانەوە نێو یاریگە، زاخۆ سوودی لە هاندەرانی وەرنەگرت و هەولێریش ئەو ئاستەی نەبوو کە لە نیوەی یەکەمدا پێشکێشیکرد، بەمەش یارییەکە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات و هەریەکێکیان خاڵێکیان بەدەستهێنا.
 
بەم یەکسانبوونە ژمارەی خاڵەکانی یانەی زاخۆ لە خولەکەدا بوونە 18 خاڵ و چوار یارییە یانەکە نەدۆڕاوە، یانەی هەولێر دوای سێ دۆڕانی لەسەریەک ئەمە یەکەم خاڵە بەدەستیدەهێنێت و ژمارەی خاڵەکانی بووە 14 خاڵ.
 
ئەمە یەکەم یاریی هەولێر بوو دوای دەستلەکارکێشانەوەی غازی فەهد، لە راهێنەرایەتی یانەکە و عەبدولقادر حوسێن، راهێنەری کورد سەرپەرشتی تیپەکەی کرد و خاڵێکی لە زاخۆوە گەڕاندەوە هەولێر.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە