ریال مه‌درید یاریزانێكی نوێ ده‌هێنێته‌ ریزه‌كانییه‌وه‌

11-02-2020
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
نیشانەکردن ریینێر ریال مه‌درید گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-

رووداو – هه‌ولێر

سه‌رچاوه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌ ئیسپانیا، ئه‌مڕۆ واده‌ی په‌یوه‌ندیكردنی رینیێری یاریزانی لاوی به‌رازیلی به‌ یانه‌ی ریال مه‌درید ئاشكراكرد.

ریال مه‌درید له‌ گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ی ئه‌مساڵ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ رینیێری یاریزانی لاوی به‌رازیلی كرد، كه‌ به‌ 30 ملیۆن یۆرۆ له‌ یانه‌ی فلامینگۆوه‌ گواسترایه‌وه‌.

به‌ڵام یاریزانه‌كه‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵمپیی وڵاته‌كه‌ی مابووه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی یارییه‌كانی تیپه‌كه‌ له‌ پاڵاوتنه‌كانی ئه‌مریكای باشوور بۆ گه‌یشتن به‌ ركابه‌ریی تۆپی پێی ئۆڵمپیادی تۆكیۆی 2020.

دوێنێ تیپه‌كه‌ی ریینێر له‌ ئه‌رجه‌نتینی برده‌وه‌ و بلیتی به‌شداریكردنی له‌ ئۆڵمپیاد به‌ده‌ستهێنا و ئه‌ركه‌كه‌یان كۆتاییهات.

 

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، رینیێر پێنجشه‌ممه‌ یان هه‌ینیی داهاتوو په‌یوه‌ندی به‌ ریال مه‌دریده‌وه‌ ده‌كات و وه‌ك یاریزانی نوێی یانه‌كه‌ ده‌ناسێندرێت.

رینیێر ئه‌م وه‌رزه‌ له‌گه‌ڵ تیپی دووه‌می ریال مه‌درید "كاستیا" به‌شداریی یارییه‌كان ده‌كات، چونكه‌ له‌ پێكهاته‌ی یه‌كه‌م جێگه‌ی نابێته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تیپه‌كه‌ 3 یاریزانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه‌ هه‌یه‌ و ناتوانێت به‌شداری به‌ ئه‌و بكات، به‌ڵام له‌ وه‌رزی داهاتوودا پێده‌چێت ببێته‌ یاریزانی تیپی یه‌كه‌م.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە