لیۆن بارسا تووڕە دەکات

10-11-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مێمفیس دێپای یانه‌ی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتال

بەرپرسێکی یانەی لیۆنی فەرەنسی بە کردنەوەی دەرگای دانوستان لەبەردەم یانەکانی ئەوروپا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ مێمفیس دێپایی هێرشبەری یانەکەیان، بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بێزاردەکات.

یانەی بارسێلۆنا زۆر بەجددی هەوڵیدا لە مێرکاتۆی هاویندا گرێبەست لەگەڵ دێپای بکات، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێکی تایبەت، گرێبەستەکە بۆ مێرکاتۆی زستانە دواخرا.

جیرار ئۆلێی راوێژکاری یانەی لیۆن، لە لێدوانێکی نوێدا، لەبارەی دێپاییەوە گوتی "رۆیشتنی دێپای بۆ بارسێلۆنا؟ ئەوە تۆپی پێیە، با بزانین چی روودەدات، هەموو هەوڵێکمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی لای خۆمان بیهێلینەوە".

ئەو راوێژکارە هەروەها گوتی "ئەگەر ئاستی دێپای وەک پێش تووشبوونی بە پێکان بێت، ئەگەری ئەوە هەیە یانەکانی دیکەش هەوڵ بۆ گرێبەست لەگەڵکردنی بدەن".

جیرار ئۆلێ زیاتر گوتی "وابزانم راهێنەری بارسێلۆنا زۆر رێز لە دێپای دەگرێت، بەڵام یاریزانەکە لەگەڵ یانەی لیۆن زۆر دڵخۆشە".

وەک رۆژنامەکانی ئیسپانیا و فەرەنسا باسی دەکەن، ئەو لێدوانانە لە یانە فەرەنسییەکەوە، بەرپرسانی یانەی کەتەلۆنییان بێزارکردووە، چونکە پێیانوایە بەرپرسانی لیۆن دەیانەوێت بەربەست بخەنە بەردەم بەئەنجامگەیاندنی گرێبەستەکە لە زستاندا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە