گواردیۆلا داواکارییەکی رۆناڵدۆ رەتدەکاتەوە

10-09-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا کریستیانۆ رۆناڵدۆ ماتیۆ کۆڤاچیچ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە و کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، داواکارییەک لە کارگێڕیی یانەکەی دەکات بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ هاوڕێیەکی پێشووی لە ریال مەدرید، بەڵام پێپ گواردیۆلای راهێنەری مانچێستەر سیتی دەبێتە هۆکاری رەتکردنەوەی ئەو داواکارییەی دۆن کریستیانۆ.
 
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی فۆتبۆڵ ئینسایدەری بەریتانی، مانچێستەر سیتی لەسەر بڕیاری پێپ گواردیۆلا رەتیدەکاتەوە ماتیو کۆڤاچیچی ئەستێرەی کرواتی بفرۆشن لە کاتی بازاڕی گواستنەوەی زستانە لە مانگی یەکدا.
 
وەک میدیای باریتانیا باسی دەکات، سعودیە ئامانجی ئەوەیە لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا یاریزانە تەمەن 30 ساڵەکە بگوازێتەوە دوای ئەوەی لە هاویندا نەیتوانی گرێبەستی لەگەڵ بکات.
 
لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکاندا بڵاوکرایەوە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ داوای لە یانەکەی کردووە گرێبەست لەگەڵ کۆڤاچیچ بکات و ئامادەیی هەبووە بۆ ئەوەی هەفتانە مووچەی 800 هەزار یۆرۆی پێشکەش بکات.
 
پێپ گواردیۆلا ئامادەنییە دەستبەرداری ئەستێرە نێودەوڵەتییە کرواتییەکە ببێت، سەرەڕای گەڕانەوەی ئیلکای گوندۆگانی ئەڵمانی بۆ ریزەکانی مانچێستەر سیتی.
 
ئەوانەی نزیکن لە پێپ گواردیۆلا، دەڵێن راهێنەرە ئیسپانییەکە زۆر سەرسامە بەو یاریزانە کرواتییە، کە چوارجار براوەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپایە.
 
کۆڤاچیچ لە سەرەتای وەرزی ئەمساڵدا جێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی مانچێستەر سیتیدا کردووەتەوە، کە سوودی لە نەبوونی رۆدری وەرگرت، کە دوای بردنەوەی نازناوی یۆرۆ لە مانگی حوزەیران بەردەوامە لە چاکبوونەوە.
 
یاریزانەکەی هێڵی ناوەڕاستی مانچێستەر سیتی لەم وەرزەدا تاوەکو ئێستا هەموو یارییەکی بە سەرەکی دەستپێکردووە و گۆڵێکی تۆمارکردووە.
 
ماتیۆ کۆڤاچیچ، لە هاوینی 2023 پەیوەندی بە یانەی مانچێستەر سیتییەوە کرد و لە یەکەم وەرزیدا نازناوی پرێمەرلیگی ئینگلتەرای لەگەڵیدا بەدەستهێنا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە