ئەمشەو پاڵەوانی جامی سوپەری ئەفریقا دەستنیشاندەکرێت

10-09-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جامی سوپەری ئەفریقا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هەوادارانی تۆپی پێی ئەفریقا بەپەرۆشەوە چاوەڕێی یاریی جامی سوپەری ئەفریقان، کە لە نێوان دوو یانەی مەغریبیدا بەڕێوەدەچێت.
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو یانەی مەغریبی، ویداد و نەهزە بورکان لەسەر یاریگەی کۆمەڵگای وەرزشیی شا مەولای عەبدوڵڵا لە ریبات رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە بۆ کێبرکێکردن لەسەر جامی سوپەری ئەفریقا.
 
ئەمە جاری یەکەمە دوو یانەی مەغریبی لە جامی سوپەری ئەفریقادا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، کە یانەی ویداد وەک پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەفریقای وەرزی رابردوو بەشداری تێدا دەکات، نەهزە بورکانیش نازناوی پاڵەوانێتی کۆنفیدرالیەی بەدەستهێناوە. 
 
یانەی ئەهلی میسری خاوەنی زۆرترین جامی سوپەری ئەفریقایە، کە تاوەکو ئێستا لە 10 یارییدا لەسەر نازناوەکە 8 جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و تەنیا دووجار نازناوەکەی لەدەستداوە.
 
یانەی ئەفریکا سپۆرتسی کوتدیڤواری بۆ یەکەمجار ئەو جامەی بەدەستهێناوە، کاتێک لە ساڵی 1993 بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە یانەی ویدادی مەغریبی بردەوە، لە کاتێکدا یانەی زەمالیکی میسری لەنێو سەرجەم یانەکانی عەرەبیدا بۆ جاری یەکەم ئەو نازناوەی بەدەستهێناوە، کە ساڵی 2004 لە هاونیشتیمانییەکەی، ئەهلی بردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە