تۆنالی بەر لەوەی پەیوەندی بە میلانەوە بکات بۆچی قسەی لەگەڵ گاتوزۆ کرد؟

10-09-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ساندرۆ تۆنالی
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئەیسی میلانی ئیتالی، بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی ساندرۆ تۆنالی، ناوەڕاستکاری یانەی بێریشیای بۆ ریزەکانی راگەیاند و ئەو یاریزانە درێسی ژمارە 8ـی وەرگرت.

میلان لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا گواستنەوەی ئەو یاریزانە بەشێوەی خواستن بۆ یەک وەرز، لەگەڵ ئەگەری کڕینەوەی هەمیشەیی راگەیاند.

میدیای ئیتالیا بڵاویکردەوە، بەرامبەر گواستنەوەی یاریزانەکە میلان 10 ملیۆن یۆرۆ دەداتە بێریشیا، ئەگەری کڕینەوەشی بەشێوەی هەمیشەیی 15 ملیۆن یۆرۆیە و 10 ملیۆن یۆرۆش وەک پاداشت و گۆڕانکاری لە گرێبەستەکەدا دەبێت، ئەگەر کرایە هەمیشەیی.

وەرگرتنی درێسی ژمارە 8ـی یانەکە لەلایەن ئەو یاریزانە کاردانەوەی زۆری دروستکرد، بەتایبەت کە پێشتر جینارۆ گاتوزۆ، راهێنەری ئێستای ناپۆلی بەو درێسەوە لە یانەکە یارییکردووە، میدیای ئیتالیا دەڵێت، تۆنالی پێش ئەوەی بڕیاری ئەوەبدات ئەو درێسە وەربگرێت پەیوەندیی بە گاتوزۆوە کردووە و پێی گوتووە، دەتوانم ژمارە 8 وەربگرم؟ لە وەڵامدا گاتوزۆ پێی راگەیاندووە، پێویست ناکات پرسیار لە من بکەیت، پێویستە پێش من پرسیار لە دۆنادۆنی بکەیت، تۆ لە من بەهێزتریت، رێنماییت دەکەم چێژ لە میلان وەربگریت، چونکە میلان شتێکی گەورەیە.

دوای واژۆکردنی گرێبەستەکەی، تۆنالی لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، زۆر دڵخۆشم بە پەیوەندیکردن بە یانەکەوە، خەونی من بووە راستی، ئەمڕۆ پۆشینی درێسی میلان دەبێتە راستی، دەخەوم و رۆژی پێنجشەممە دەست بە راهێنان دەکەم.

لە بەرامبەردا پاوڵۆ ماڵدینی، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی میلان گوتی، زۆر بەپەرۆشین بۆ ئەوەی بەخێرهاتنی تۆنالی بکەین بۆ نێو خێزانەکەی رۆسۆنێری، ئەو یاریزانێکی گەنج و بەهرەمەندە و بەشێوەیەکی گەورە رۆڵی لە سەرکەوتنی داهاتووی یانەکەدا دەبێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە