جامی ئاسیا کۆتاییدێت.. قەتەر و ئوردن رکابەری لەسەر نازناوەکە دەکەن

10-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن قەتەر ئوردن جامی ئاسیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جامی ئاسیای 2023 لە قەتەر کۆتاییدێت، هەردوو هەڵبژاردەی قەتەری میوانداری پاڵەوانێتییەکە و ئوردن، لە یاریی کۆتاییدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکەن.
 
ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 18:00 یاریگەی لوسەیل، چاوەڕێی یارییەکی مێژوویی دەکات، کاتێک هەردوو هەڵبژاردەی قەتەر و ئوردن، لە یاریی کۆتایی جامی ئاسیادا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
قەتەرییەکان بە پشتبەستن بە یاریگە و هاندەرانیان دەیانەوێت بۆ جاری دووەم لەسەریەک جامی ئاسیا لە دەوحە بێت، لەکاتێکدا ئەوان پاڵەوانی 2019ـن و ئێستاش لەنێو خاکی خۆیاندا جارێکی دیکە یاریی کۆتاییدەکەن.
 
ئەکرەم عەفیف، حەسەن هەیدۆس و موعیز عەلی چەکە بەهێزەکانی لۆپێزی ئیسپانی دەبن، بۆ رکابەریکردن لەسەر ئەو نازناوەی قەتەرییەکان رکابەری لەسەر مانەوەی لە خاکی خۆیاندا دەکەن.
 
لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی ئوردن، بە رێگەیەکی ئاڵۆز و زەحمەتدا تێپەڕی، تاوەکو گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، ئەوان لە رێگەی خۆیاندا عێراق و کۆریای باشووریان دوورخستەوە و بە هەمووانی گوت، ئەوە ئێمەین و هاتین.
 
ئوردن یەکەمجارە لە مێژوویدا دەگاتە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا، ئەو هەلەی بۆ ئەوان رەخساوە مێژوو تۆماری دەکات، بەڵام بردنەوەی جامەکە لەگەڵ خۆیان بۆ عەممان، مێژوویەکەیان گەورەتر و جوانتر دەکات.
 
بۆ ئەم یارییە ئوردنییەکان بە ورەیەکی بەرزەوە ئامادەن، موسا تەعمەری و یەزن نەعیمات سەرکردایەتیی هێڵی پێشەوە دەکەن و یەزن عەرەبیش لە هێڵی بەرگری دەیەوێت بەرگری لەم هەلە مێژووییەیان بکات.
 
یەکێک لە ئوردن و قەتەر، ئەمڕۆ دەبێتە پاڵەوانی ئاسیا و لەگەڵ جامەکەدا، 5 ملیۆن دۆلار وەک خەڵاتی دارایی وەردەگرێت.

 
حوسێن عەموتە، راهێنەری هەڵبژاردەی ئوردن لەبارەی یارییەکەوە دەڵێت "قەتەر تیپێکی بەهێزە، کاری گەورە لەرووی وەبەرهێنان و وەرزش لە وڵاتەکەدا کراون، ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە ئەوان لە 2019 نازناوەکەیان بردووەتەوە و ئەمڕۆش لە یاریی کۆتاییدا یارییدەکەن."
 
راهێنەری ئوردن ئامادەیی هەڵبژاردەکەی بۆ یارییەکە دووپاتکردەوە و گوتی "هەموو یاریزانەکان بۆ یارییەکە ئامادەن، چاومان لە بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە و دەمانەوێت چێژ وەربگرین."
مارکێز لۆپێز، راهێنەری هەڵبژاردەی قەتەر، بەر لە یارییەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت "هەڵبژاردەی ئوردن هەڵبژاردەیەکی بەهێزە، یاریزانی زۆرباشی هەیە کە لەسەر ئاستی ئەوروپا یارییدەکەن، وەک موسا تەعمەری، ئەرکی ئێمە ئاسان نییە و یارییەکی زەحمەت دەبێت، بەڵام دەمانەوێت هاندەرانمان دڵخۆشبکەین و نازناوەکە ببەینەوە."

 
راهێنەری قەتەر گوتی "یاریزانەکان ئامێر نین، ئاساییە ئەگەر هەندێکجار ئاستیان داببەزێت، بەڵام لە یاریی بەرامبەر ئێران دەکرا گۆڵی چوارەم و پێنجەمیش بکەین، بەڵام بەختمان نەبوو."
 
بەشێوەیەکی گشتی، بە یارییە دۆستانە و فەرمییەکان هەردوو هەڵبژاردەی قەتەر و ئوردن 21 یارییان بەرامبەر یەکدی ئەنجامداوە، قەتەر 11 یاریی بردووەتەوە و ئوردن خاوەنی 6 سەرکەوتنە، دوایین یارییان دۆستانە بووە لە 2018 و ئوردن 2-0 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە