رووداو دیجیتاڵ
رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، بڕیاری خۆی لەسەر چارەنووسی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی دا و دووپاتیکردەوە کە ئەویش وەک هەر یاریزانێکی دیکە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی بەلجیکا، لە جیاتی فێرناندۆ سانتۆس ئەرکی راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگالی وەرگرت و دوای ناساندنی بە میدیاکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد.
سەرەتا لەبارەی کریستیانۆوە پرسیاریان لێکرد و ئەویش لە وەڵامدا گوتی "مامەڵەکردن لەگەڵ لیستی ئەو 26 یاریزانە کە لە دوایین مۆندیالدا بەشدارییان کردووە خاڵی دەستپێکی منە، کریستیانۆ رۆناڵدۆش یاریزانێکە ناوی لەو لیستەدایە. 19 ساڵە لەگەڵ ئەو هەڵبژاردەدایە و شایەنی رێزگرتنە".
راهێەنری نوێی بەرازیلی ئەوروپا، گوتیشی "لەمەودوا و بۆ ماوەی 10 هەفتە، دەبێت باشترین تیپ بۆ پاڵاوتنەکانی داهاتووی یۆرۆ بدۆزینەوە".
ئەو زیاتر باسی کریستیانۆی کرد و گوتی "کاری من ئەوەیە هەلێک بدەم بە هەموو یاریزانەکان و رێز لە هەموو یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی بگرم و کریستیانۆ رۆناڵدۆش یەکێکە لەوانە بەهەمانشێوەی هەموو یاریزانەکانی دیکە، خۆشحاڵم کە ئەوان لەگەڵمندان".
رۆبێرتۆ مارتینێز، پەسنی هەڵبژاردەی پۆرتوگالیشی دا و گوتی "پۆرتوگال هەمیشە تیپێکی زۆر رکابەری بووە، تیپێکە هەمیشە دەزانێت چۆن رکابەری بکات، ئەمەش خاڵی دەستپێکمانە، ناتوانین ئەوە لەدەستبدەین".
ئەو زیاتر گوتی "دەبێت ئەو یاریزانانە بدۆزینەوە کە بتوانن بەهرەکانیان نیشان بدەن و پەیوەندی دروست بکەن. دەبێت وا بین، تیپێک کە زۆر بە ئاسانی بتوانێت هێرش بکات، دەبێت تیپێک بین کە هەرگیز توانای رکابەری لەدەستنەدات و بە چێژێکە زۆرەوە یاری بکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ