رووداو دیجیتاڵ
یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بڕیاریدا درێسی ژمارە 5ی یانەکە، وەک رێزگرتن لە فرانز بێنکباوەر ئەفسانە بۆ تاهەتایە لە یانەکە هەڵبگرێت.
بایرن میونشن، خاوەنی ژمارەی پێوانەیی نازناوەکانی خولی ئەڵمانیا، بڕیاریدا لە رێزلێنانێکی تایبەتدا بۆ بێنکباوەر کە ساڵی رابردوو لە تەمەنی 78 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، درێسی ئەو ئەفسانەیە بەیەکجاری لە پێکهاتەی یانەکە لاببات.
هێربێرت هاینز، سەرۆکی یانەی بایرن میونشن لە کۆبوونەوەی گشتیی یانەکەیدا هەواڵەکەی راگەیاند، لە کاتێکدا ئامادەبووان پێشوازییەکی گەورەیان لە بڕیارەکە کرد.
هاینز گوتی، درێسی ژمارە پێنجی یانەکەمان وەک میراتێکی دەگمەن هەڵدەگرین، چونکە یانەکەمان و مێژووەکەی بەبێ فرانز بەشێوەی ئێستا نەدەبوون. ئێمە یەکێک لە مەزنترین کەسەکانمان لەدەستدا.
ئەو هەروەها گوتی، ئازیزەکەم فرانز تۆ ئەوەت دروستکرد کە ئەمڕۆ ئێمە پێی گەیشتووین، گەورەترین سەرکەوتنت بەدەستهێنا، بەشێوازێکی ناوازە و مرۆییانەی قووڵ وەک یاریزان، راهێنەر و سەرۆک و هاوڕێی هەموومان. ئەو سەرکەوتنەت بە بایرن میونشن بەخشی کە تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
سەرۆکی یانە باڤارییەکە زیاتر دەڵێ، "دەکرێ هەموو شتێک بهێنینە بەرچاوی خۆمان، بەڵام ناتوانین بیر لە بایرن میونشنی بێ فرانز بیکنباوەر بکەینەوە".
بێنکباوەر، ناسراو بە 'قەیسەر' لە شەست و حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، پێناسە و ئەرکی نوێی بە یاریزانی لیبرۆ بەخشی لە رێگەی ئاستی ناوازە و کەسایەتیی سەرکردانەی خۆیەوە.
بێنکباوەر لەو ماوەیەدا لەگەڵ بایرن میونشن درەوشایەوە و پێشەوایەتی کرد بۆ بەدەستهێنانی چەندین نازناو، لە نێویاندا سێ نازناوی کیشوەری و جامی ئینتەرکۆنتێنتال.
بێنکباوەر هەروەها بۆ ماوەیەکی کورت لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا راهێنەری یانەکە بوو و پاشان لە نێوان 1994 تاوەکو 2009 بووە جێگری سەرۆکی یانەکە و ساڵی 1974 نازناوی مۆندیالی بەدەستهێنا وەک یاریزان و ساڵی 1990 وەک راهێنەر هەمان نازناوی بردەوە.
بایرن میونشن، رێزلێنانی بۆ بیکنباوەر و ژمارەیەکی دیکەی یاریزانە کۆچکردووەکانی لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا ئەنجامدا، لەنێویاندا ئاندرییاس برێمە کە لە تەمەنی 63 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ