سوپرایزەکەی لێستەر سیتی شۆکمان ناکات

09-12-2019
رووداو وەرزشی
A+ A-

نووسینی ئەحمەد سەنگاوی

تاوەکو جیاوازیی خاڵەکانی نێوان لیڤەرپوولی پێشەنگی ریزبەندی و مانچێستەر سیتی پاڵەوانی دوو وەرزی رابردوو بۆ 14 خاڵ بەرز نەبووەوە، وەکو پێویست درک بە سەنگ و کاریگەری و ریکۆردە تۆمارکراوەکانی لێستەر سیتی نەکرا! ئەمە لە کاتێکدا ئاست و ژمارەی خاڵەکانی لێستەر دوای تێپەڕبوونی 16 گەڕی پرێمەرلیگ، باشترە لەو وەرزەی کە ئەم یانەیە بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی پرێمەرلیگ، ئاخر لە وەرزی 2015-2016 لێستەر دوای تێپەڕبوونی 16 گەڕی پرێمەرلیگ، 35 خاڵی کۆکردبووەوە، 34 گۆڵی تۆمار کردبوو، 22 گۆڵیشی لێکرابوو. بەڵام ئەم وەرزە بە هەمان ژمارەی یاریی، واتە دوای 16 یاری، توانیویەتی 38 خاڵ کۆ بکاتەوە 39 گۆڵیان تۆمار کردووە و تەنیا 10 گۆڵ لە دژیان تۆمار کراوە، کاسپەر شومایکلی گۆڵپارێزیش لە پێشەنگی گۆڵپارێزەکانی خولەکە دێت کە 7 کلینشیتی هەبووە.  واتە هەموو ژمارەکان لێستەری ئەم وەرزە لە هەموو روویەکەوە لە لیستەر وەرزی 2015-2016 باشترە. 8 یارییە لەسەر یەک بردنەوە تۆمار دەکات، کە 135 ساڵی مێژووی دروستبوونی یانەکە، ریکۆردی لەو چەشنەی تۆمار نەکردووە. 

 

جیمی ڤاردیش 8 یاریی یەک لەدوای یەک گۆڵ تۆمار دەکات، کە دەبێتە تەنیا یاریزان لەدوای خۆی کە وەرزی 2015 توانی لە 11 یاریی یەک لەدوای یەک، گۆڵ تۆمار بکات و پێش رود ڤان نیستەڕی هۆڵەندی بکەوێت، کە پێشتر لەگەڵ مان یونایتد لە 10 یاری لەسەر یەک گۆڵی تۆمار کردبوو. ڤاردی ئێستا پێشەنگی گۆڵکارانی گرتووە و لە 16 یاری 16 گۆڵی تۆمار کردووە، کە 8 گۆڵی دیکە تۆمار بکات، ژمارەی گۆڵەکانی لەگەڵ ئەو وەرزە یەکسان دەکاتەوە کە بوون بە پاڵەوان. خستنەڕووی ئەو ژمارانە تەنیا بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەرە، تاوەکو بە داتا و ئامار پەی بەو کۆششە گەورەیەی بریندان رۆدجێرزی راهێنەری و یاریزانەکانی ببات، کە چ کارێکی ناوازەیان بۆ یانەی لیستەر کردووە. ئەگەر ئەوکات کلاودیۆ رانیێری بە پشتبەستن بە توانای جەستەیی یاریزانان و دژە هێرش و ستایڵێکی "ئیتاڵی ئینگلیزیی کلاسیکی" نازناوەکەی بۆ یانەکە بەدەستهێنا بێت، ئەوا بریندان رۆدجێر لایەنی توانای هونەری یاریزانان و کۆنتڕۆڵی تۆپ و یاریی چێژبەخشی فەرامۆش نەکردووە. 

ئێستا لێستەری بریندان رۆدجێرز زیاتر بە فەلسەفەی هێرشبەری و یاریی کراوە هەڵ بۆ سەرکەوتن دەدات. ئاستی یانەکان و تۆپی پێی ئینگلیزی ئێستا شایەنی بەراوردکاریی نییە بە وەرزی 2015، چونکە لە 4 ساڵی رابردوودا ئاستی ئەم خولە و عەقڵییەتی یاریزانان بەرادەیەکی سەیر پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە، بۆیە ئەم ئاستبەرزییەی لێستەر لە هەموو رووەکانەوە سەرنجڕاکێشترە، لێستەر لەم وەرزەدا دەمامکی پاڵەوانی پۆشیوە و بەهێواشی بە چەشنی ئاگرێکی بچووک خەرکە زۆربەی یانەکانی بەشدار لە پرێمەرلیگ بسووتێنیت. لێستەر، چەندە سوودی لە ئەزموون و شارەزایی راهێنەرە ئایرلەندییەکە وەرگرتووە، هێندەش سوودی لەو دۆخە وەرگرتووە کە یانە بەشدارەکانی ئەم وەرزەی پێدا تێپەڕ دەبن، میدیا جارێک چاوی لەسەر کێبڕکێی نێوان لیڤەرپوول، مان سیتی، کڵۆپ و گواردیۆلایە، هەروەها چاویان لەسەر ئەزموونی نوێی لامپاردە وەک راهێنەری نوێی یانەی چێڵسی. دوورخستنەوەی پۆچیتینۆ و دەستبەکاربوونی مۆرینیۆ، چیرۆکێکی دیکەی سەرنجڕاکێشە کە مێدیاکانی بەخۆوە سەرقاڵ کردبوو، لە لایەکی دیکەوە ئەنجامە خراپەکانی 14 گەڕی سەرەتای ئەم وەرزەی مان یونایتد لەگەڵ سۆڵشایەر و دوورخستنەوەی مارکۆ سیلڤای راهێنەری ئیڤەرتۆن و لەکارلادانی ئۆنای ئێمری راهێنەری ئەرسیناڵ باسگەلێکی جۆراوجۆربوون، وەکو وێردی سەر زاری میدیاکان. 

ئەم هەوموو رووداوە سەیر و پێشبینی نەکراوە، وایکرد میدیا بە رژدیی ئەنجامە ئەرێنییەکانی لێستەر سیتی زەق نەکاتەوە، بەدیوێکی دیکەشدا، کۆشش و کارامەیی و هەوڵەکانی ئەم تیپەشیان بە نادیدە گرت، بەڵام دواجار لێستەر بەجۆرێک هەژموونی خۆی زاڵکرد،  کە چیدیکە میدیا ناتوانێ خوێنساردانە مامەڵەی لەگەڵ بکات. لەم وەرزەدا لێکچوونێکی زۆر لە چۆنییەتی مامەڵەکردنی بریندان رۆدجێرز و یۆرگن کڵۆپ لە جێگیرکردنی پێکهاتەی سەرەکی بەدی دەکرێت، هەردوو یانە کەمترین گۆڕانکارییان لە پێکهاتەی سەرەکییان کردووە. بۆ نموونە لە لێستەر "کاسپەر شومایکل، ریکاردۆ پێرێرا، چاغلار سۆنجو، جۆنی ئیڤانیس، تیلیمانس، ڤاردی"  لە هەر 16 یارییەکەی ئەم وەرزە لە پێکهاتەی سەرەکیی بوون، هەروەها ندیندی و هارڤی بارنیس لە 15 یاریی بەشدارییان کردووە. 

لەدوای ڤیرجل ڤاندایک، بەرگریکار چاغلار سۆینجو بە 1099 پاس زۆرترینی ئاڕاستەی هاوڕێکانی کردووە، هەروەها لێستەر چوارەم یانەی ریزبەندییە لە ئەنجامدانی زۆرترین پاساتدا کە توانیویانە 8440 پاسات بکەن، ئەمە جگە لەوەی لە کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ بە پلەی چوارەم دێت بە پۆزشنی 58.1% بۆ هەر یارییەک 437 پاسی دروستیان هەبووە. بە کورتی لێستەر لە هەموو روویەکەوە زۆر باشترە لە لێستەری رانیێری 2015، هەروەها شیوازی یاریشی بەچێژترە، بەڵام بەدبەختی رۆدجێرز لەوەدایە لە کاتێکا ئەم هەموو بەرەو پێشچوونەی بۆ لێستەر دەستەبەر کردووە، کە بارودۆخی خولی ئینگلیزی هاوشێوەی وەرزی 2015-2016 نییە و  حووتێکی گەورەی وەکو لیڤەرپوول رەحم بە کەس ناکات و بواری هەناسەدان و خەونبینینی بۆ هیچ یانەیەکی گەورە و سوپرایزی وەرز نەهێشتووەتەوە، هەر بۆیە سوپرایزەکەی بریندان رۆدجێز، چاوەڕێی ئەوەی لێ ناکرێت بە هەمان چەشنی رانیێری جیهانی تۆپی پێ تووشی شۆک بکات. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە