ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ.. مانچێستەر سیتی دەچێتە سەرکێشییە گەورەکەی نێو برنابیۆ

09-05-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەمووان دەڵێن، وەرزی رابردووتان لەبیر بێت.. لەبیرتان نەچێت کە ساڵی رابردوو، لە هەمان قۆناخدا، ئەوە ئێوەبوون باشترین یاریتان کرد و ئێوەبوون تا دوا ساتەکان، لە یاریی کۆتایی بوون، بەڵام ریال مەدرید، وەک هەمیشە پێشانیدایەوە کە تیپێکی بێئامانە و لە دوا خولەکەکاندا، دەستی خۆی لێوەشاندن.
 
مانچێستەر سیتی، وەک بەهێزترین تیپی ئەوروپا، روو لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەکات.. مەبەستیەتی و چاوی لەوەیە، هەموو ئەوەی وەرزی رابردوو روویدا، لەبیری بکات و ئیدی پێپ گواردیۆلا و یاریزانەکانی خەونی لە مێژینە و گەورەی خۆیان بگەیەننە دوا وێستگە.
 
پێپ گواردیۆلا کە ساڵانێکە، سەرقاڵی دروستکردنی تیپێکی تۆقێنەر و دێوەزمەیەکی گەورەیە، ئێستا ئیدی گەیشتووەتە لووتکەی کامڵبوون و بەهێزبوونی خۆی.. سەرجەم ئەو خاڵە لاوازانەی ساڵانی رابردوو، تیپەکەیان دەستخەڕۆکرد، ئێستا نەماون.. زەمینەکە لەبارە و دۆخەکە گونجاوە، کات کاتی پێپ و سیتییە، تاوەکو لە ئیستەنبووڵ خۆیان ببیننەوە.
 
یارییەکەی ئەمشەو، سەرەتای رێگەی تیپەکەی پێپە بەرەو ئەو نازناوەی ساڵانێکی زۆرە دەیەوێت وەک راهێنەر پێی بگاتەوە.. ئێستا هەموو پێشبینییەکانیش بەو ئاراستەیەن کە مانچێستەر سیتی، هەموو شتێکی لەبەردەستە تاوەکو جارێکی دیکە لە فایناڵی چامپیۆنزلیگ بێت.
 
رۆدری، یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی، دەڵێت "بێگومان خەونی ئەوروپیم ئەوەیە لە ئیستەنبوڵ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بکەین،  ئێمە پێشتر گەیشتووینەتە یاریی کۆتایی و چانسی بردنەوەی نازناوەکەمان هەبووە. نەک من، یانەکەمان، چونکە من یاریم نەکرد، بەڵام هیوادارم لە داهاتوودا هەلێکی دیکەمان هەبێت.
 
سەبارەت بە پێشبینیەکان، هەمیشە هەموو ئەگەرەکان کراوەن، مەبەستم ئەوەیە، هەلەکان هەمیشە هەن، دەبێت سەرنجمان لەسەر خۆمان بێت، هەنگاو بە هەنگاو بڕۆین، زۆر بیر لە داهاتوو نەکەینەوە. پێویستە ئاستێکی باش پێشکێش بکەین ئەگەر بمانەوێت چامپیۆنزلیگ ببەینەوە".
 
هەرچۆنێک باسی یارییەکەی ئەمشەوی نێوان ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی بکرێت، خەیاڵەکان دەچنەوە سەر ئەو راستییەی کە وەرزی رابردوو روویدا، راستییەکە کە لە کۆتاییدا ئازاری زۆری مانچێستەر سیتیدا، چونکە ئەو تیپە هەموو شتێکی کرد، تەنانەت یارییەکەشی بردەوە، بەڵام نەیتوانی ریال مەدرید ببڕێت، ئێستا ئیدی بۆ تێپەڕاندنی ئەو یادەوەرییە ناخۆشانە، سیتی پێویستی بەوەیە، ئەرێنی بیر بکاتەوە..
 
فیل فۆدین، یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی، دەڵێت "پێموایە بەهێزین، دەبێت ئەرێنی بین، دەبێت باوەڕمان بەخۆمان هەبێت، دیارە پێشتر گەیشتووینەتە یارییەکانی کۆتایی، بۆیە سەلماندوومانە کە دەتوانین بگەینە ئەو قۆناخە و هیوادارین بەردەوام بین بە ئاراستەیەکی دروستدا".
 
سەبارەت بەو یارییەی وەرزی رابردوو، کە ریال مەدرید لەنێو یاریگەکەیدا لێیبردینەوە، هەرچەندە دۆڕاین، بەڵام من ریال مەدریدم خۆشدەوێت. لەو یارییەدا چێژم لە هەموو ساتێک وەرگرت. دیارە یارییەکە بەو شێوەیە نەڕۆیشت کە ئێمە دەمانویست. بەڵام تەنیا ئەزموونی یارییەکە لە یاریگایەکی تایبەتی بەو شێوەیەدا بۆ ئیمە زۆر باشبوو".
 
مانچێستەر سیتی، تاوەکو ئێستا لە سێ بەرەی جیاوازەوە لەپێناو نازناوەکاندا دەجەنگێت، یانەکە رکابەرییەکی تووند و تاقەتپڕوکێن لەسەر پرێمەرلیگ دەکات، لە جامی فا کەپدا لە یاریی کۆتاییە و بۆ چامپیۆنزلیگیش تەنیا دوو یاریی بەرامبەر ریال مەدریدەوە، ئیدی دەکرێ سیتی خۆی لەیاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا ببینێتەوە.. ئەمە خەونێکی مەزنە، خەونی بەدەستهێنانی سیانەیەکی مێژوویی کە پێشتر تەنیا سوورپۆشەکانی شاری یونایتد کردوویانە و ئەمجارە شینپۆشەکانی ئەو شارە، دەڵێن کاتی ئێمەیە دووبارەی بکەینەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە