5 خاڵی گرنگ لە شەڕی نێوان مانچێستەر سیتی و ریال مەدرید

11-02-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، مانچێستەر سیتی میوانداریی یانەی ریال مەدریدی رکابەری ئیسپانی دەکات لە یاریی چوونی پلەی ئۆف بۆ ئەوەی سەرکەوێت بۆ قۆناخی 16ـی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.
 
دوو یانە گەورەکە نەیانتوانی سەرکەوتنی راستەوخۆ بۆ قۆناخی 16 مسۆگەر بکەن، دوای ئەوەی نەیانتوانی ئاستێکی باش لە قۆناخی یەکەمی خولەکەدا پێشکەش بکەن.
 
مان سیتی لە گەڕی کۆتاییدا بەزەحمەت سەرکەوت و بەبردنەوەیەکی سەرنجڕاکێش بەسەر یانەی برووجی بەلجیکیدا بەئەنجامی 3-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەهەمانکاتدا ریال مەدریدیش لە قۆناخی یەکەمی خولەکەدا کێشەی زۆری هەبوو و لەکۆی 36 تیپدا پلەی 11ـی بەدەستهێنا.
 
هەردوو یانە بۆ چوارەم وەرزی لەسەریەک لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بەڵام جێگای سەرنجە کە ریال مەدرید هەرگیز لە یاریگای ئیتیحاد سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە، بەڵکو لەهەمان یاریگادا دووجار چوار گۆڵی لەلایەن مانچێستەر سیتییەوە لێکراوە.
 
پێنج خاڵی گرنگ لە شەڕی نێوان مانچێستەر سیتی و ریال مەدرید دەخەینەڕوو، کە بدڵنیاییەوە یەکلاکەرەوە دەبن و دیاریکردنی ناسنامەی سەرکەوتوویان بۆ قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە:
 
1- ململانێی هێڵی ناوەڕاست
 
تاوەکو ئێستاش هێڵی ناوەراست جێگەی سەرنجی شەڕی تاکتیکی نێوان پێپ گواردیۆلای راهێنەری مانچێستەر سیتی و کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدریدە.
 
گواردیۆلا هەمیشە شێوازی یاریکردنی لەسەر بنەمای کۆنتڕۆڵی تۆپ دەسەپێنێت، بەیارمەتی هەندێک لە یاریزانانی هێڵی ناوەڕاست، سەرەڕای ئەو زەحمەتییانەی کە دوای پێکانەکەی رۆدری، یاریزانی ناوەڕاستی تیپەکە تووشی بوو.
 
لە یارییەکانی رابردوودا بەتایبەت یارییەکەی بەرامبەر چێڵسی لە خولی ئینگلیزی، دەرکەوت کە گواردیۆلا پەنای بۆ سێ یاریزانی، ئیلکای گوندۆگان، ماتیو کۆڤاسیچ و بێرناردۆ سێلڤا لە هێڵی ناوەڕاستدا بردووە.
 
ئەو سێ یاریزانە یارمەتی گواردیۆلایان دا کە شێوازی کۆنتڕۆڵکردنی یارییەکە بەکاربهێنێت، جگە لەوەی شارەزابوون لە گوشار دروستکردن لەسەر تیپی رکابەر، بێرناردۆ و کۆڤاچیچیش بەردەوام بەڕاست و چەپ دەجوڵان.
 
ریال مەدرید لەم یارییەدا هەردوو یاریزانە گرنگەکەی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی ئیسپانیا  لەدەستدەدات، کە بریتین لە فێدریکۆ ڤالڤێردی و ئۆرێلیان چوامێنی، کە ئەمە زۆر یارمەتیدەر دەبێت بۆ گواردیۆلا.
 
بەئەگەرێکی زۆرەوە ڤاڵڤێردی لە هێڵی بەرگری باڵی راست یاری دەکات، لە بەرامبەردا چوامینی تا راددەیەکی زۆر سەرکردایەتی هێڵی بەرگری دەکات، بۆیە ریال مەدرید دوو یاریزانی دیار لە گوشار و گواستنەوەکاندا لەدەست دەدات.
 
2 - چانسی هالاند
 
ئێرلینگ هالاندی یاریزانی نەرویجی، هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتی، بە نەبوونی ئەنتۆنیۆ رودیگێری ئەڵمانی، بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، بەهۆی پێکانەوە، دەرفەتێکی زێڕینی دەبێت بۆ ئەوەی لەبەردەم یانەی ریال مەدرید گۆڵ بکات.
 
هالاند لە هەر چوار یارییەکەی لەگەڵ مان سیتی بەرامبەر ریال مەدرید نەیتوانیوە گۆڵ تۆمار بکات، بۆیە هەلێکی زێڕینی دەبێت بۆ ئەوەی کۆتایی بەم ژمارە پێوانەییە خراپە بهێنێت و گۆڵ بەرامبەر یانەی شاهانە تۆماربکات.
 
ریال مەدرید لە هێڵی بەرگریدا بەدەست کێشەی پێکانەکانەوە دەناڵێنێت، کە رودیگێر، ئیدەر میلیتاو، دانی کارڤاخال، دەیڤید ئالابا و لۆکاس ڤاسکێز بەهۆی پێکانەوە لە یاریگاکان دوورکەوتوونەتەوە.
 
پێدەچێت ریال مەدرید لە هێڵی بەرگری بەناچاری بە چوار یاریزانی دیکە یاری بکات، کە بریتین لە ئۆریلیان چوامینی، فێدریکۆ ڤالڤێردی، راول ئاسێنسیۆ و فڕان گارسیا یاری بکات.
 
3 - خێرایی ئێمباپێ و ڤینیسیۆس
 
سەرەڕای ململانێکانی بەرگری، بەڵام هێزێکی گرنگ لە ریزەکانی ریال مەدریددا هەیە، بەتایبەتی لە هێڵی هێرشبەریدا، کە بەخێرایی دووانەی کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر نوێنەرایەتی دەکرێت.
 
ریال مەدرید لە یاریکردن بە هێرشی هەڵگەڕاوە زۆر باشە، ئەمە زۆر یارمەتی ئەنچێلۆتی دەدات بۆ ئەوەی دووانەیەکی خێرای وەک ئێمباپێ و ڤینیسیۆسی هەبێت، هەروەها جود بێلینگهامیش رۆڵی هەیە لە دابینکردنی پاسی خێرا و ورد بۆیان.
 
4 - رۆڵی فۆدن و سوپرایزی مەرمووش
 
زۆری بژاردەکانی مانچێستەر سیتی لە هێڵی هێرشبردن دەکرێت گواردیۆلا ناچاربکات بە سوپرایزێک ریال مەدرید شۆک بکات لە رێگەی بەشداریکردن بە عومەر مەرمووشی هێرشبەری میسری.
 
مەرمووش لە مانگی ئەمساڵدا پەیوەندی بە یانەی مانچێستەر سیتییەوە کرد، کە لە یانەی ئینتراخت فرانکفورتی ئەڵمانیاوە هاتبوو. چاوەڕوانی دەکرا بدرەوشێتەوە، بەڵام هێشتا جێپەنجەی خۆی نیشان نەداوە.
 
گواردیۆلا لەوانەیە پێویست بکات بەخێرایی و لێهاتوویی مەرمووش، ریال مەدرید سەرسام بکات، بەتایبەتی کە ئەو لە قوڵایی یاریگادا باشە، ئەمە جگە لە رۆڵی هێرشبەری باڵی چەپیش زۆر باشە.
 
لەوانەیە سەرسوڕمانی مارمووش لەسەر حیسابی فیل فۆدن بێت، بە لەبەرچاوگرتنی باوەڕی ڕاهێنەری ئیسپانی بە ساڤینۆی بەڕازیلی لە پۆستی باڵی ڕاستدا.
 
5 - یارییەکی کراوە و پاڵنەرەکانی تۆڵەسەندنەوە
 
کێشەکانی ریال مەدرید لە هێڵی بەرگری و بەهێزی هێڵی هێرشبەری مانچێستەر سیتی و بوونی ئەو ئەستێرە و بەهرەمەندە لە هەردوو یانە، وادەکات یارییەکی کراوە ببینین.
 
مان سیتی دەزانێت پێویستە گۆڵ تۆماربکات و بردنەوەیەکی باش بەسەر ریال مەدرید مسۆگەر بکات پێش ئەوەی بەرەو سانتیاگۆ بێرنابیۆ بڕوات.
 
یانەکەی ئینگلتەرا ئاواتەخوازە لە چامپیۆنزلیگ درێژە بە گەشتەکەی بدات، هەروەها تۆڵە لە ریال مەدرید بکاتەوە، کە لە قۆناخی چارەکی کۆتایی وەرزی پێشوو لەسەردەستی ئەو یانەیە لە پاڵەوانێتییەکە دەرکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە