رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یارییە گەورەکەی پلەی ئۆفی چامپیۆنزلیگ بەڕێوەدەچێت و ریال مەدرید لە یاریی چووندا دەبێتە میوانی مانچێستەر سیتی.
مانچێستەر سیتی لە دووبارەبوونەوەی کلاسیکۆ ئەورووپییەکەیدا جارێکی دیکە رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە، ئەمجارەش چاوی لە پەڕینەوە بەسەر رکابەرە زەبەلاحەکەی و درێژەدان بەکاروانی خۆی لە پاڵەوانێتییەکە هەیە.
ئەگەر ساڵانی پێشوو تەنیا بەریەککەوتنی سیتی و ریال، بووبێتە باسوخواسی میدیاکان، ئەمساڵ بابەتی باڵۆندۆرەکەی رۆدری و بێبەشبوونی ڤینیسیۆس جۆنیۆریشی هاتووەتە سەر کە تاوەکو ئێستا وەک بابەتێکی هەستیاری نێوان هەردوو یانە تەماشای دەکرێت، بەتایبەت کە ریال مەدرید ئامادەنەبوو بچێتە ئاهەنگەکە.
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مان سیتی لەو بارەیەوە گوتی "هیچ نیگەران نیم لەوەی ئەوان نەهاتنە ئاهەنگی باڵۆن دۆر، دڵخۆشیشم بۆ ئەوەی رۆدری بەدەستیهێنا. لە کاتێکدا ڤینیسیۆس جۆنیۆریش ئاستێکی ناوازەی هەبوو ساڵی رابردوو و ئەویش شایستەی خەڵاتەکەیە. ئەوەی روویدا هاوشێوەی ململانێی نێوان لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو لەسەر هەمان خەڵات، بەڵام ئەوەی روویدا، بووە رابردوو".
مانچێستەر سیتی ئەمساڵ بەدۆخێکی نموونەییدا گوزەر ناکات، تیپەکە لە بازنەی ململانێ لەسەر نازناوی پرێمەرلیگ چووەتە دەرەوە. لە چامپیۆنزلیگیش لە پاشکۆدا ناچارە مامەڵە لەگەڵ خێرایی هێرشبەرەکانی ریال مەدرید بکات، ئەگەرچی ئەوان هێشتا بەدڵی هاندەرەکانی خۆیان نین و لە ئاستی نموونەییدانین.
گواردیۆلا، دەڵێت "مەحاڵە بتوانیت ماوەی نەوەت خولەک یان سەد خولەک کۆنترۆڵی ئەو یاریزانانە بکەیت کە ئەوان هەیانە، یان پشت بەوە ببەستی بەدرێژایی کاتی زیادکراوی یاریی. هەمووان ئەو راستییە دەزانن و هەرلەبەرئەوەش من شتێکی نوێ لەبارەی شێوازی تۆپ ناردنی ئەوان ناڵێم، یان دەرچوونەکانیان و بڕینی یاریزانان و توانایان لە هێشتنەوەی تۆپ لای خۆیان. چوار یاریزانەکەی پێشەوەی ئەوان، ناوازەن و هەمووانیش ئەوە دەزانن. ئێمە دەبێ ئەوەندەی دەتوانین، کاریگەرییان کەم بکەینەوە".
پێپ گواردیۆلا، ئەگەرچی ساڵانێکی بەرچاو راهێنەری بارسێلۆنا بووە و کەتەلۆنییەکی سەربەخۆخوازە، بەڵام بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو رکابەرەیدا دەکات کە لە سێ ساڵی رابردوودا، دووجار پاش بڕینی تیپەکەی ئەم، بەنازناوە دڵخوازەکەی خۆی گەیشتووەتەوە.
ئەو دەڵێت "من هەمووجار دوای شکستپێهێنانیان یان شکستهێنان بەرامبەریان گوتوومە و دووپاتی دەکەمەوە کە من رێزێکی مەزنم بۆ ریال مەدرید هەیە بەهۆی یاریزانەکانی و بەهۆی ئەوەوە کە لە چامپیۆنزلیگ بەدەستیان هێناوە".
سیتی ئەمشەو پێویستی بەکورتکردنەوەی رێگەکەی خۆی بەرەو قۆناخی داهاتوو هەیە، ئەوەش لە رێگەی بردنەوەیەکی گەورەوە بەدەست دێت، چونکە یاریی گەڕانەوە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، گەشتێکی خۆش نابێت بۆ سیتی لەبەردەم هاندەرانی ئەو یانەیەدا کە لەدوای هەر چامپیۆنزلیگێک، داوای دانەیەکی دیکە دەکەن.
دەکرێ یاریی دووپاتکردنەوەی دانایی و چنینەوەی بەرهەمی بێدەنگییەکانی کارلۆ ئەنچێلۆتی بێت و دەشکرێ، ئەو وێستگەیە بێت کە ریال مەدرید کەمێک لە تۆزی گلەییەکان لەسەرشانی بتەکێنێت و ئیدی زەنگی گەڕانەوەیەکی دیکە لێبدات.
ریال مەدرید میوانی سیتییە و سەردانکردنی ئیتیحاد بۆ هیچ یانەیەک، هەواڵێکی دڵخۆشکەر نییە، بەڵام پاڵەوانی ئەورووپا، پاشئەوەی رێگەکەی لە خۆی ئاڵۆزکرد، ئێستا ناچارە بەرامبەر یەکێک لە داهێنەرترین راهێنەرەکانی مێژووی تۆپی پێ، مامەڵە بکاتەوە، تاوەکو بگاتە ئەو شوێنەی بەشایستەی خۆی دەزانێت.
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید. لەبارەی پێپەوە دەڵێت"ئەوەی دەتوانم بیڵێم لەبارەی پێپ گواردیۆلاوە ئەوەیە کە ئەو راهێنەرێکی گەورەیە و هەموو کات شتە باشەکان لە تیپەکەیدا تاقیدەکاتەوە. ئەو زۆر نوێکاری لە بواری تۆپی پێی هێرشبەری و کۆنترۆڵی تۆپ و گوشار و بونیادنانی یاریی لەپشتەوە هێناوەتە نێو یارییەکەوە. ئەو وەک داهێنەرێک لە بواری تۆپی پێدا دەمێنێتەوە. هەرلەبەرئەوە من زۆر رێزی لێدەگرم، لەبەرئەوەی پێموایە ئەو یەکێکە لە باشترینەکان، ئەگەر باشترین نەبێت. هەر جارێک رووبەڕووی بووبمەوە ئامادەکاریم بۆ یارییەکە وەک دێوەزمە وابووە".
ئەگەرچی ئەو مانچێستەر سیتییەی تاوەکو ئێستا لە وەرزی ئەمساڵدا خۆی پێشانداوە، هاوشێوەی وەرزەکانی پێشوو تۆقێنەر و یەکلاکەرەوە نییە و خاڵی زۆری لەدەستداوە لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکان، بەڵام لای راهێنەری ریال مەدرید، سیتی هەنگاو بەئاراستەی هەڵسانەوە دەنێت و چەند یاریی رابردووی تیپەکەش، باشترین راستی پێشاندەرن لەو لایەنەوە.
راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لەبارەی ئەو دۆخەی مان سیتی پێدا دەڕوات، دەڵێت "من سوپرایزم بەوەی بەسەریاندا هات. ئەوان لە دۆخێکدابوون کە گواستنەوەی تۆپ و چوونە پێشەوە بۆیان بووە کێشە. بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە ناڵاندیان و پێکانی زۆریان هەبوو. خاڵی زۆریان لەدەستدا، بەڵام ئەو تیپەی لە دوایین دوو تاوەکو سێ یاریدا بینیم، توانای رکابەریکردنی بەهێزی لەگەڵ هەموواندا هەیە وەک هەمیشە".
لەبیرکردنەوەی رۆژنامەڤاناندا، سووربوونی ریال مەدرید لەسەر نەچوونە ئاهەنگی باڵۆندۆر بەسەر دیمەنی یارییەکەی نێوان ئەو یانەیە و سیتیدا زاڵە، رۆژنامەڤانان سوورن لەسەرئەوەی راهێنەری ریال مەدرید شتێکی نوێ لەبارەی چیرۆکەکەوە بگێڕێتەوە، بەڵام ئەوەی ئەو دەیڵێت هەر دووپاتکردنەوەیە لەو بۆچوونانەی پێشتر هەیبووە، دووپاتکردنەوەی شایستەیی ڤینیسیۆس بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر.
ئەنچێلۆتی تەنیا لە رووبەڕووبوونەوەی سیتیدا تاقی ناکرێتەوە، بەڵکو ئەمشەو بیرۆکەکانیشی لە مامەڵەکردن لەگەڵ هێڵێكی بەرگریی تەواو شێواودا دەکەوێت بەر تاقیکردنەوە، چونکە پێنج بەرگریکەری تیپەکە پێکانیان هەیە و ناتوانن هیچ بۆ سەرکەوتنی یانەکەیان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ