رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی قۆناخی پلەی ئۆف لە چامپیۆنزلیگدا دەستپێدەکەن، ئەمشەو یارییەکانی چوون بەڕێوەدەچن و لە یاریی لووتکەی رکابەرییەکەدا، یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی یاری دەکات.
مانچێستەر سیتی رۆژی دووشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی هەنگاوی یەکەم بۆ نزیکبوونەوە لە قۆناخی داهاتوو بەباشی بنێت و بە ئەنجامێکی باشەوە بچێتە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
مانچێستەر سیتی لە قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگدا ئەنجامەکانی وەکو پێویست نەبوون، لە دوایین گەڕدا دوای بردنەوەی لە کلەب برووج توانیی سەرکەوتنی خۆی بۆ ئەم قۆناخە یەکلابکاتەوە، بەگشتیش لەم وەرزەدا ئاست و ئەنجامەکانی یانەکە قسەی زۆری لەسەرە، بۆیە تیپەکەی گواردیۆلا دەیەوێت بردنەوە لە ریال مەدرید بکاتە سەرەتای گەڕانەوە بۆ نێو رکابەرییەکان.
لە ریزەکانی یانە ئینگلیزییەکە رۆبن دیاز، رۆدری هێرناندێز و ئۆسکار بۆب، بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکەن، جێریمی دۆکو و ناتان ئاکێ گەڕاونەتەوە نێو مەشقەکان و بەشداریکردنیان لەسەر بڕیاری راهێنەر دەمێنێتەوە.
ئەمشەو عومەر مەرمووش، ئەستێرەی میسری و یاریزانی نوێی یانە مانچێستەر سیتی، یەکەم یاریی خۆی لە چامپیۆنزلیگدا بەدرێسی یانەکەوە ئەنجامدەدات و بەرامبەر ریال مەدرید یاری دەکات.
یانەی ریال مەدرید دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە لە یاریگەی ئیتیحاد ئەنجامدا و بەبێ ژمارەیەک یاریزانی هێڵی بەرگری تیپەکە بۆ رووبەڕووبووبوونەوەیەکی گرنگ و مێژوویی ئامادەیە.
لە یەکەم وەرزی سیستمی نوێی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یەکێک لە دوو یانە گەورەکەی ئەورووپا، ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی یەکێکیان هەر زوو ماڵئاوایی دەکات و بەشداری لە قۆناخی شازدەدا ناکات، خاوەنی زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکە نایەوێت کاروانەکەی کۆتایی بێت.
ریال مەدرید وەرزی رابردوو لە یاریگەی ئیتیحاد بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە مانچێستەر سیتی بردەوە، پاشان گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ و دواتریش بووە پاڵەوان، یانەکە دەیەوێت سیناریۆکە دووبارەبکاتەوە و لەنێو گەورەکانی ئەورووپادا بمێنێتەوە.
لە ریزەکانی یانەی شاهانە ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر، لوکاس ڤاسکێز، ئێدێر مێلیتاو، دانی کارڤاخاڵ و دەیڤد ئالابا یاریی ناکەن، بەو هۆیەوە لە هێڵی بەرگریدا کارلۆ ئەنچێلۆتی تووشی کێشە بووە و ئەگەری هەیە فێرلان مێندی لە باڵی راست و فران گارسیا لە باڵی چەپ یاری بکەن، یانیش فێدریکۆ ڤالڤێردی لە هێڵی بەرگری یاری بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ