خەڵاتێکی گەورە بۆ یاریزانانی سەنیگال دوای بردنەوەی جامی ئەفریقا

09-02-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بردنەوەی نازناوی جامی ئەفریقا، بۆ یەکەمجار لە مێژوویاندا، سەرۆکی سەنیگال بڕیارییدا سەرجەم یاریزانان و ستافی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی خەڵاتبکات.
 
ماکی سال، سەرۆکی سەنیگال لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا پێشوازیی لە شاندی هەڵبژاردەی سەنیگال کرد و پیرۆزبایی لێکردن، بەبۆنەی بردنەوەی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، کە رکابەرییەکانی لە کامیرۆن بەڕێوەچوون.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، سەرۆکی سەنیگال بڕیارییدا بڕی 87 هەزار دۆلار وەک خەڵاتی دارایی و پارچەیەک زەوی 200 مەتر چوارگۆشە لە شاری داکار و پارچەیەک زەوی 500 مەتر چوارگۆشەش لە شاری دیامنیادیۆی نزیک لە پایتەخت بداتە یاریزانەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی.
 
رۆژی دووشەممە یاریزانانی سەنیگال، دوای بردنەوەی نازناوەکە لەنێو پێشوازییەکی گەورەی هاندەرانی وڵاتەکەیان گەڕانەوە داکاری پایتەخت، سەتان هەزار هاندەر بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازییان لە هەڵبژاردەکە کرد و بەیەکەوە لەگەڵ یاریزانەکان ئاهەنگی ئەو سەرکەوتنە مێژووییەیان گێڕا، کە بەو هۆیەوە ئەو رۆژە لە سەنیگال کرایە پشوو.
 
سەنیگال لە یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقادا، بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە بە 4-2 سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی میسر بەدەستهێنا و دوای سێجار گەیشتن بە یاریی کۆتایی، بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا نازناوەکەی بردەوە.
 
جگە لە بردنەوەی نازناوەکەش، ئیدوارد مێندی، گۆڵپارێزی سەنیگال وەک باشترین گۆڵپارێزی پاڵەوانێتییەکە و سادیۆ مانێ، وەک باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە دەستنیشانکران.
 
دوای بردنەوەی نازناوەکە ماکی سال، سەرۆکی سەنیگال لەکاتی پێشوازیکردن لە شاندی هەڵبژاردەکە گوتی " ئێستا ئێوە لە لووتکەی ئەفریقادان و شانازییەکی گەورەتان بۆ خۆتان و هەموو سەنیگال تۆمارکرد."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە